ئیتاڵیا زانیاری نوێ لەبارەی هۆکاری زۆری حاڵەتەکانی کۆرۆنا ئاشکرا دەکات
بۆچی ئیتاڵیا لە ماوەیەکی کەم ژمارەیەکی زۆری تۆمارکرد
K24 – ههولێر:
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی زانستی، یەکەم حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئیتاڵیا لە مانگی یەک ئەمساڵ تۆمارکراوە و هەستی پێنەکراوە.
لە 21ـی مانگی شوبات، ئیتاڵیا یەکەم حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنای تۆمارکرد، بەڵام لە ماوەیەکی زۆرکەم ژمارەکان زۆر زیادیکرد، ئەمەش بەهۆی ئەوەی، کۆرۆنا چەند هەفتەیەک بوولە ئیتاڵیا بڵاوبووەوە و هەستی پێنەکرابوو.
ستێفانۆ مێرلێر، سەرۆکی دامەزراوەی برونۆ کێسلێر لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "دامەزراوەکەمان دوای لێکۆڵینەوەکان گەیشتە ئەو ئەنجامەی، پێش 21ـی شوبات، کۆرۆنا لە هەرێمی لۆمباردی بڵاوبووەتەوە و خەڵکیش بە کۆمەڵ گرتوویانە".
راشیگەیاند: "گومان دەکەین مانگی یەکی ئەمساڵ کۆرۆنا لە ئیتاڵیا بڵاوبووبێتەوە، رەنگە زوتریش".
هەندێکی دیکە لە پزیشک و پسپۆڕانی ئیتاڵیا پێیان وایە، ئیتاڵیا لە مانگی یەک، لە ئەڵمانیاوە یەکەم حاڵەتی بۆ هاتووە نەک لە چینەوە.
لە ئیتاڵیا 190 هەزار حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەیە و 25 هەزار و 549 کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە.
Reuters