روونکردنەوەیەك لە وەزارەتی تەندروستییەوە

دەنگۆیەک رەتدەکاتەوە و بە مەترسی دەزانێت

K24 – هه‌ولێر:

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە راگەیەندراوێکدا دەنگۆیەکی رەتکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات، لە ھەندێك دەزگای میدیایی وا بڵاوکراوەتەوە گوایە مەترسی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کوردستان نەماوە.

لە راگەیەندراوەکە هاتووە، بۆ ھاوڵاتیان ڕوونیدەکەینەوە کە لێکدانەوەیەکی جیاواز بۆ ئەم بابەتە کراوە، ئاماژە زانستییەکان تاوەکو ئێستاش ئەوە دەردەخەن کە ھەرچەندە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو خۆشبەختانە تۆمارکردنی تووشبووی نوێ نەبووە، بەڵام بە ھۆی ئەوەی ئەم نەخۆشیە لە جیھان و ووڵاتانی دەوروبەر و پارێزگاکانی تری عێراق ھێشتان مەترسی بڵاوبوونەوە ھەر بەردەوامە.

وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، هاوکات لە ھەرێمی کوردستان تا ئێستا نەخۆش لە نەخۆشخانەکان و بەرکەوتووان لە کەرەنتینەکان ھەر ماوە، بۆیە بەردەوام لە ڕاگەیەندراوەکان جەخت لەسەر پابەندبوونی ڕێنماییەکانی تەندروستی لە شوێنە گشتیەکان و بڕیارەکانی خۆپارێزی لەلایەن وەزارەتەکانی ناوەخۆ و پەروەردە و ئەوقاف و کاروباری ئاینی و گواستنەوە و گەیاندن دەکەینەوە، وە بەردەوامیش دەبین لە پشکنین و گەڕان بەدوای تووشبووان.

هۆشداریش دەدات، جارێ ماوەی زیاتر پێویستە بۆ دڵنیابوون لە کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی ئەو نەخۆشیە و ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە.