یاریگەیەکی گەورە و مۆدێرن لە دهۆك دروست دەکرێت

عەلی تەتەر مژدە بە هاندەرانی دهۆك دەدات

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆك
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆك

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆك لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا چەند مژدەیەکی خۆش بە هاندەرانی یانەی شارەکەی دەدات.

پارێزگاری دهۆك، لە یاریگەی یانەی دهۆك رایگەیاند: "ئێمە هاتووینە ئەم یاریگەیە بۆئەوەی پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم یانەیە دووپات بکەینەوە".

عەلی تەتەر، لە وەڵامی پرسیاری ئالان حوسێن، پەیامنێری کوردستان24 گوتی: "ئەمساڵ باشتر و زیاتر هاوکاریی یانەی دهۆك دەکەین، بەهۆی نەمانی سیولە نەمانتوانی پارەی بەشی یەکەمی گرێبەستی یاریزانان بدەین، بەڵام بە هەر ڕێگەیەك بێت پێش یاریی داهاتووی یانەکە پارەکە دابین دەکەین".

پارێزگاری دهۆك ئاماژەی بەوەکرد: "هەوڵ دەدەین ژێرخانی وەرزشیی لە شارەکە دابین بکەین، کە بەپێی پێوەرەکانی فیفا بێت، ئەو یاریگەیەی ئێستا هەیە بەشی هاندەرانی یانەکە ناکات، بۆیە زەویمان دیاری کردووە بۆ دروستکردنی یاریگەیەکی گەورەتر و مۆدێرنتر لە دهۆك".