تەندروستی ھەولێر: ترسمان لە ھەڵكشانی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا ھەیە

دوو ھۆكاری سەرەكی ھەن

K24 - ھەولێر

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەولێر رایدەگەیەنێت، دوو ھۆكاری سەرەكی ھەن بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ترسیان لە ھەڵكشانی ژمارەی تووشبووان ھەیە.

د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "دوو ھۆكاری سەرەكی ھەن بۆ ھەڵكشانی ژمارەی تووشبووان بە كۆرۆنا، یەكێك لە ھۆكارەكان ئەو ئاسانكاریانە بوو كە بۆ خەڵك كراوە، ئێستا زۆربەی شوێنە گشتییەكان كراوەن و خەڵك پابەندی رێنماییەكان نییە. ھۆكارێكی دیكە ھاتووچۆی نێوان ھەرێمی كوردستان و عێراقە، ھەرچەندە رێگاكان داخراون، بەڵام ئەوانەی كە كاری پێویستیان ھەیە مۆڵەتی ھاتووچۆیان پێدەدرێت".

ئاشكراشی كرد: "تائێستا 10 كەس لەوانەی لە بەغدا گەڕاونەتەوە وەك ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا دەستنیشان كراون".

لەبارەی رەوشی شارۆچكەی عنكاوە، بەڕێوەبەری تەندروستی ھەولێر گوتی: "دوای دەرچوونی نزیكەی 400 سامپڵی دانیشتووانی عنكاوە، بڕیاری داخرانی گەڕەكەكانی ئەو شارۆچكەیە ھەڵوەشێنرایەوە، چونكە ئەنجامی پشكنینەكان نێگەتیڤ بوون".

د. دلۆڤان محەمەد، ئاماژەی بەوەشدا: "بەھۆی بژێوی ژیانی خەڵك نامانەوێت ئێستا پێشنیاری قەدەغەی ھاتووچۆ بكەین، بۆیە پێویستە ئێستا ھاووڵاتییان خۆیان بپارێزن و رێنماییە تەندروستییەكان جێبەجێ بكەن".

راشیگەیاند: "ترسی ئەوەمان ھەیە ژمارەی تووشبووان زۆر زیاتر بكات و بە خێرایی بڵاوبێتەوە".