شیعەکان ڕای جیاوازیان لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق هەیە

هێزە شیعەکان، لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەبنە دوو بەشەوە؛ نووری مالیكی و ھاوپەیمانەكانی پاڵپشتی لێ دەكەن و بەشێكی لایەنەكانی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگیش دژایەتی دەكەن. 

شیعەكانی نێو چوارچێوەى ھەماھەنگی لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بۆچوونی جیاوازیان ھەیە. نوورى مالیکى پاڵپشتی دەکات و عەممار حەكیم دژیەتی. 

بەگوتەى سەرکردەیەکى ڕەوتی حیكمە، پێشنیاری هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن لە كایەی سیاسییدا بە شێوەیەکی نافەرمی باسی لێ دەكرێت، بەڵام ڕەوتی حیكمە، ھەموارەكە بە پێویست نازانێت. 

ڕەحیم عەبوودی، سەركردە لە ڕەوتی حیكمە ئەوەی خستە ڕوو "لەگەڵ ئەوەدان یاسای ھەڵبژاردن ئاسۆیەکی ڕوونی بۆ دەنگدەری عێراقی ھەبێت و ئەو یاسایەی ئێستە هەیە تاقی کراوەتەوە و هیچ كەموكوڕییەكی نییە." دەشڵێت: "لایەنی سیاسی ھەیە لە ڕێگەی پێشنیاری ھەموارەكە و لەسەر حیسابی لایەنێكی دیكە، ھەوڵی دەستخستنی دەستكەوتی سیاسی دەدات و جموجووڵی لەو جۆرە ماوەیەكە دەستی پێ كردووە، بۆیە ئێمە دژی ئەم ھەنگاوەین."

لە بەرانبەردا، پێ دەچێت هەڵوێستی پارتی تەقەدوم کە محەممەد حەلبوسی سەرۆکایەتی دەکات و بەم دواییە لەگەڵ مالیكی ھاوپەیمانی كردووە، پێچەوانە بێت و پشتیگیری لە ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەكان دەكات.

 عەممار جومەیلی، ئەندامی پارتی تەقەدوم ڕایگەیاند "لەگەڵ ئەوەی كە پارتی تەقەدوم پارتێكی گەورەیە، بەڵام دیسانەوە لەگەڵ ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەكانە." ئاماژە بەوەش دەكات "ئەو یاسایەی ئێستە ھەیە خزمەت بە حزبە گەورەكان دەكات و زیانی بۆ حزبە بچووكەكان ھەیە، بۆیە ئێمە لەگەڵ ھەموارێكی دادپەروەردانەین كە لە بەرژەوەندی ھەموو لایەكدا بێت."

بڕیارە مانگی 10ی ساڵی داهاتوو ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە بچێت، بەڵام نووری مالیكی پێداگریی لەسەر ھەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات و بەشێكی لایەنەكانی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگیش پێیان وایە، ئەگەر هەیە داواکارى هەڵبژاردنى پێشوەختە هەوڵێک بێت بۆ ڕێگریی لە بەهێزبوونى محەمەد شیاع سوودانى.