ئەکسیۆس: شاندی دانوستانکاری ئەمریکا گەشتەکەی دواخست

لە کاتێکدا جیهان چاوەڕێی دەستپێکردنی گەڕی دووەمی دانوستانەکانی ئیسلامئاباد بوو، نوێترین پێشهاتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پڕۆسەی دیپلۆماسی لە نێوان واشنتن و تاران گەیشتووەتە بنبەست. تەنیا چەند کاتژمێرێک بۆ کۆتاییهاتنی وادەی ئاگربەست ماوە، بەڵام نە شاندی ئەمریکا گەیشتووەتە پاکستان و نە تارانیش ئامادەیی نیشانداوە بۆ گفتوگۆ.

سێشەممە 21ـی نیسانی 2026، بەپێی راپۆرتەکانی کەناڵی CNN و ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کە بڕیار بوو سەرکردایەتی شاندی وڵاتەکەی بکات لە پاکستان، هێشتا خاکی ئەمریکای جێنەهێشتووە. بەرپرسانی کۆشکی سپی ئاشکرایان کردووە کە ڤانس لە واشنتن ماوەتەوە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی چڕی داڕشتنی سیاسەتەکان سەبارەت بە چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران لە دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەست. ئەم دواکەوتنە وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری شکستهێنانی هەوڵە ئاشتیخوازەکان دەبینرێت.

بەپێی زانیارییەکانی ئەکسیۆس، جەرید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف، دوو ئەندامی سەرەکیی تیمی دانوستانکاری سەرۆک ترەمپ، هێشتا ویلایەتە یەکگرتووەکانیان جێنەهێشتووە. فڕۆکەیەکی سەر بە وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا (DHS) کە بڕیار بوو بەیانی ئەمڕۆ ئەوان لە شاری (مەیامی)یەوە بباتە ئەوروپا و دواتر بۆ پاکستان، گەشتەکەی دواکەوتووە؛ فڕۆکەکە تەنیا چەند خولەکێک لەمەوبەر شاری مەیامیی جێهێشتووە، بەڵام بەپێی داتاکانی فڕین، بەرەو پاکستان بەڕێ نەکەوتووە، بەڵکوو راستەوخۆ بەرەو واشنتن چووە

هاوکات عەتاوڵا تاران، وەزیری راگەیاندنی پاکستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: وڵاتەکەی وەک نێوەندگیر هێشتا هیچ وەڵامێکی فەرمیی لە لایەنی ئێرانییەوە بەدەست نەگەیشتووە بۆ ناردنی شاند بۆ ئیسلام ئاباد.

وەزیرە پاکستانییەکە هۆشداری دا کە ئاگربەستەکە کاتژمێر 4:50 خولەکی بەرەبەیانی چوارشەممە (بە کاتی پاکستان) کۆتایی دێت و بڕیاری ئێران لەم ساتەدا یەکجار یەکلاکەرەوە و هەستیارە.

سەرچاوە ئێرانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تاران بەهۆی بەردەوامیی گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا و دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکانی لەلایەن هێزی دەریایی ئەمریکاوە، دوودڵە لە ناردنی شاندەکەی. هاوکات ئێران لە ناوخۆدا لە 50ەمین رۆژی بڕانی ئینتەرنێتدایە، ئەمەش فشارێکی ئابووریی توندی خستووەتە سەر تیمی دانوستانکاری ئەو وڵاتە.

ئەم بنبەستە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ و سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا هۆشداریی توندیان داوە؛ ترەمپ رایگەیاندبوو "کاتێک ئاگربەست تەواو دەبێت، بۆمبەکان دەست بە تەقینەوە دەکەن"، و جەختی کردەوە کە ئەمریکا ئامادەیە بە هێز کۆتایی بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بهێنێت ئەگەر رێککەوتن واژۆ نەکرێت.