سێ مامۆستای ئایینی لە ھەرێمی كوردستان تووشی كۆرۆنا بوونە

یەكێكیان گیانی لەدەستداوە

K24 - ھەولێر

تائێستا سێ مامۆستای ئایینی لە ھەرێمی كوردستان تووشی كۆرۆنا بوونە و یەكێك لەو مامۆستایانەش گیانی لەدەستداوە.

یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان ئاشكرای دەكات، تائێستا لە کوردستان سێ مامۆستای ئایینی تووشی کۆرۆنا بوونە، یەکێک لەو مامۆستایانەش بەناوی (مه‌لا ره‌شید ئه‌وڕه‌حمان كانی گوڵی‌) پێشنوێژی خانه‌قای مه‌حوی لە شاری سلێمانی بەو هۆیەوە رۆژی 4/3/2020 گیانی لەدەستدا.

ئاماژە بەوەشكراوە، لەناوەڕاستی ئایاری رابردوو مامۆستا مەلا ئەحمد عەلی واحید پێشنوێژو وتارخوێنی مزگەوتی حاجی سەلیمی قامیشی لە گەڕەکی کوردساتی شاری سلێمانی تووشی کۆرۆنا بوو،ئێستا تەندروستی جێگیرەو بەرەو چاکبوونەوەی تەواو دەچێت. لەوبارەوە مامۆستا مەلا عەتا، پێنجوێنی جێگری بەرپرسی لقی سلێمانی یەکێتی زانایان راگەیاندووە: "مامۆستا مەلا ئەحمەد لە نەخۆشخانە دەرچووەو باری تەندروستی جێگیرەو بەردەوام لەسەر خەت بووین، ماوەی پێویستی وەرگرتنی چارەسەری لە نەخۆشخانەی شەهید عەلی والی بەگ لە سلێمانی تەواو کردو سوپاس بۆ خوا تەندروستی باشەو نێردراوەتەوە ماڵەوە".

لە لایەكی دیكە لە دەڤەری گەرمیان مامۆستا مەلا خالید محەمەد کەریم پێشنوێژو وتارخوێنی مزگەوتی شەهیدانی گەرمیان خۆی و خانەوادەی تووشی کۆرۆنا بووەو ماوەیەکە لە نەخۆشخانە قەڵا خەوێندراوە. مامۆستا مەلا کەریم زەلکەیی بەرپرسی راگەیاندنی لقی گەرمیانی یەکێتی زانایان ئاماژەی بەوەكردووە: "لە دەڤەری گەرمیان یەک مامۆستا تووشی کۆرۆنا بووە بەناوی مامۆستا مەلا خالید محەمەد کە پێشنوێژو وتارخوێنی مزگەوتی شەهیدانی گەرمیانە و ئێستا لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێری پزیشکی دایە و باری تەندروستی جێگیرە".