قوە جەوییە دەیەوێت گۆڵپارێزێكی كورد بگوازێتەوە

پێشبینی دەكرێت لە گواستنەوەی زستانە پەیوەندی بە یانەی قوە جەوییە بكات

محەمەد حەسەن گۆڵپارێزی كوردی خولی دانیماركی
محەمەد حەسەن گۆڵپارێزی كوردی خولی دانیماركی

دوای ئەوەی لوئەی سەڵاح و هەڵگورد مەلامحەمەد وەكو راهێنەر و یاریدەدەر لە یانەی قوە جەوییە دەستبەكاربوون، لە یەكەمین كارییان گۆڵپارێزێكی كوردی پیشەگەری ئەورووپایان كردووەتە ئامانج.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست كوردستان24 كەوتوون، یانەی قوە جەوییە لە گواستنەوەی محەمەد حەسەنی گۆڵپارێزی كوردی خولی دانیماركی نزیك بوونەتەوە، كە ئێستا ئەم گۆڵپارێزە 22 ساڵانە بۆ جامی كەنداوی عەرەبی لە لایەن خیسۆس كاساس بانگهێشتی هەڵبژاردەی یەكەمی عێراق كراوە.
ئەم گۆڵپارێزە كوردە خەڵکی هەولێرە و رەگەزنامەی عێراقی و دانیمارکی هەیە، یاریی بۆ لاوانی کۆپێنهاگن و تیپی یەکەمی ڤالێنسبێک و نایستڤێد و ئیشۆی دانیمارکی کردووە.
محەمەد حەسەن ئێستا بەهای لە پێگەی ترانسفێر ماركێت بە 100 هەزار یۆرۆ خەملێنراوە، پێشتر لە لایەن یانەی هەولێریش كرابووە ئامانج، بەڵام پێشبینی دەكرێت لە گواستنەوەی زستانە پەیوەندی بە یانەی قوە جەوییە بكات.