کونسوڵی قەتەر لە کوردستان: پەیوەندیی نێوان قەتەر و هەرێمی کوردستان مێژووییە

ڕۆژی نیشتمانی قەتەڕ لە هەولێر
ڕۆژی نیشتمانی قەتەڕ لە هەولێر

کونسوڵی قەتەڕ لە هەرێمی کوردستان، ڕۆژی نیشتمانی قەتەری بە دەرفەت زانی بۆ ئەوەی ئاماژە بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و قەتەر بکات و گوتی: ئەو پەیوەندییە مێژووییە.

دووشەممە 16ـی کانوونی یەکەمی 2024، لە ئاهەنگی ڕۆژی نیشتمانی قەتەر کە بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر بەڕێوەچوو، گوتی:سوپاسی خاوەنشکۆتان پێ ڕادەگەیەنم، پەیوەندیی قەتەر و هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی مێژووییە، سوپاسی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەکەین کە لە کردنەوەی کونسوڵخانەش ئامادەبوو وەک ئەمڕۆ، بە گرنگییەوە لە سەردانەکانی نێوان بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و قەتەر دەڕوانین.

لە 24-05-2024ـی ڕابردوو، شاندێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن، ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تەکە، بە مەبەستی کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتییان لە شاری هەولێر،هاتنە هەرێمی کوردستان و  25-05-2024، لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبوونەوە، دوای ئەوە، ‌ 26ـی ئایاری 2024 به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی و بەرپرسانی حکوومی، كونسوڵخانه‌ی گشتیی قه‌ته‌ر له‌ هه‌ولێر کرایەوە.

مەسرور بارزانی ئەو کاتە و لە مەراسیمی کردنەوەی کونسوڵخانەی قەتەر گوتی: کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتی قەتەڕ هاوکار و یارمەتیدەر دەبێت  لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوانمان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، بەتایبەتی لە بوارەکانی بازرگانی و کشتوکاڵی و کولتووری و خوێندنی باڵادا.

سەرۆک وەزیران گوتیشی: قەتەر لە ڕووی وەبەرهێنان و ئاوەدانیی و بيناسازی و وزە و جموجۆڵ و چالاکی ئابوورییەوە، دەوڵەتێکی دەوڵەمەند و خاوەن ئەزموونێکی سەرکەوتووە، بۆیە دەکرێ هەرێمی کوردستان سوود لە ئەزموونی دەوڵەمەندی قەتەر لەم بوارانەدا وەربگرێت .

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی سەقامگیر و ئارامی دەڤەرەکەیە و لە هەمانکاتدا سروشت و جوگرافیای هەرێم زۆر لەبارە بۆ وەبەرهێنان لە بواری جۆراوجۆردا، بەتایبەتی کشتوکاڵی و گەشتیاری و پێشەسازی، گوتی: ئێمە بە هەموو توانایەک پێشوازیی و پشتگیریی لە وەبەرهێنانی فرەچەشن دەکەین کە بەشێکە لە کارنامەی حکومەت لە ڕووی فرەچەشنکردنی ئابووری.