ئەمەریکا: گرژییەکانی تورکیا و هەسەدە لەمێژینەن و کار بۆ چارەکردنیان دەکەین
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، کار بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان تورکیا و هەسەدە دەکەن. دووپاتیشی کردەوە "ئێمەش لەگەڵ دەرکردنی چەکدارە بیانییەکانین."
ماتیو میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، لەبارەی ئاڵۆزییەکانی سەر سنووری کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستان، ڕایگەیـاند: "لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و تورکیا لە گفتوگۆداین، نەک تەنها ئێمە، تەواوی هاوبەشەکانمان بەهەمان شێوە قسە لەگەڵ تورکیا دەکەن."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گوتیشی: "کار دەکەین بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان. گرژی و ئاڵۆزی لەمێژینە لە نێوان تورکیا و ئەم گرووپانەدا هەیە. بۆیە ئاسان نییە و ئێمەش بەدوای دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکین."
ئەمەریکا، وەکوو ئەوەی میللەر باسی کرد، "لە نیگەرانییەکانی توکیا لەبارەی بوونی هەڕەشەی تیرۆریستیی پەکەکە و چەکدارە بیانییەکان تێ دەگات" و گوتی "ئەوەی ئێمە دەمانەوێت دامەزراندنی حکوومەتێکی نیشتمانی سووریایە کە هەموو گرووپە نەتەوەییە جیاوازەکانی ناو سووریا لەخۆبگرێت و لە کۆتاییدا هیچ میلیشیایەکی دیکەت پێویست نابێت."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەشی خستە ڕوو "ئێمەش لەگەڵ دەرکردنی چەکدارە بیانییەکانین".