ریال مەدرید بووە یەكەمین یانە جامی كیشوەرەكان بباتەوە

مۆدریچ بووە یەكەمین یاریزان لە مێژووی ریال مەدرید زۆرترین ناسناو بباتەوە

یاریزانانی ریال مەدرید لەكاتی بەرزكردنەوەی جامی كیشوەرەكان. دەوحە ـ یاریگەی لۆسێل ـ 18 دێسێمبەری 2022
یاریزانانی ریال مەدرید لەكاتی بەرزكردنەوەی جامی كیشوەرەكان. دەوحە ـ یاریگەی لۆسێل ـ 18 دێسێمبەری 2022

یانەی ریال مەدرید بۆ یەكەمجار لە مێژوودا نازناوێكی نوێی بردەوە و لوكا مۆدریچیش بووە خاوەنی زۆرترین نازناو لە مێژووی یانەی ریال مەدرید.
ریاڵ مەدرید پاڵەوانی ئەورووپا و پاچوکای مەكسێكی پاڵەوانی ئەمریکای باکوور، لە یاری کۆتایی جامی كیشوەرەكان لە یاریگەی لۆسێل لە دەوحەی پایتەختی قەتەر رووبەڕووی یەکتری بوونەوە، ئەم پاڵەوانێتییە نوێیە و یەكەمجارە لە لایەن فیفا بەڕێوە دەچێت.
كلیان ئێمباپێ لە خولەكی 37 بە ئاسیستی ڤینسیۆس جۆنیۆر گۆڵی یەكەمی ریال مەدریدی تۆمار كرد، نیوەی یەكەم بەم تاكە گۆڵە لە بەرژەوەندی یانەی شایانەكەی ئیسپانیا كۆتایی هات.
دواتر لە خولەكی 53ـی نیوەی دووەم رۆدریگۆ گۆڵی دووەمی بۆ ریال مەدرید زیاد كرد، پێش ئەوەی ناوبژیوان فیكەی كۆتایی یارییەكە لێ بدات، ڤینسیۆس جۆنیۆر بە لێدانی پێناڵتی گۆڵی سێیەمی یانەكەی تۆمار كرد و بە باشترین یاریزانی یاریی كۆتایی جامی كیشوەرەكانیش دیاریكرا، بەمەش ریال مەدرید بۆ یەكەمجار ناسناوی جامی كیشوەرەكانی بردەوە.
ڤینسیۆس جۆنیۆری تەمەن 24 ساڵ ژمارەی ناسناوەكانی لەگەڵ ریال مەدرید گەیاندە 14 ناسناو، لە لایەكی دیكەیشەوە لوكا مۆدریچ بووە یەكەمین یاریزان لە مێژووی ریال مەدرید 28 ناسناو بباتەوە، كارڵۆ ئانچیلۆتیش ژمارەی ناسناوەكانی لەگەڵ ریال مەدرید گەیاندە 15 ناسناو.