تیروپشكی جامی عێراق راكێشرا
یانەكانی دهۆك و زاخۆ لە قۆناغی 16 پەیوەندی بە جامی عێراق دەكەن
تیروپشكی قۆناغی 20ـی جامی عێراق راكێشرا، لەم قۆناغە 3 نوێنەری هەرێمی كوردستانی تێدایە، لە قۆناغی 16ـی جامی عێراقیش دوو یانەی دیكەی كوردستانی پەیوەندی بە پاڵەوانێتییەكە دەكەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی دێسێمبەری 2024، لە بارەگای سەرەكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە بەغدا، تیروپشكی جامی عێراق بۆ 20 یانە راكێشرا، لەم قۆناغەدا یانەكانی هەولێر، نەورۆز و پێشمەرگەی سلێمانی بۆ گەیشتن بە قۆناغی 16ـی جامی عێراق ركابەری دەكەن، هەر سێ نوێنەرەكەی كوردستانیش لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان یاریی دەكەن.
بەپێی تیروپشكەكە، یانەی هەولێر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی یانەیەكی خولی نایابی عێراق دەبێتەوە كە یانەی موسڵە، رەنگە موسڵ بەهۆی كەموكورتی لە یاریگەكەی، یارییەكەی خۆی بەرامبەر هەولێر بۆ یاریگەی ئاكرێ بگوازێتەوە، دووریش نییە موسڵ رازی بێت لە هەولێری پایتەخت یارییەكەی بكات.
لە لایەكی دیكەیشەوە یانەی نەورۆز لە بەسرە دەبێتە میوانی یانەی نەفتی بەسرە، بەهەمان شێوە پێشمەرگەی سلێمانی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی یانەی كەربەلا دەبێتەوە.
یارییەكانی قۆناغی 20ـی جامی عێراق، هەفتەی داهاتوو لە رۆژانی 24 و 25ـی ئەم مانگە دەكرێن، سەرجەم یارییەكانیش بە سیستەمی یەك یاریی دەرچوون بەڕێوە دەچن، بەپێی سیستەمی خولەكەش ئەو یانانەی وەرزی رابردوو لە خولی ئەستێرەكانی عێراق پلەی یەكەم تا شەشەمیان گرتووە لە قۆناغی 16 دێنە نێو ركابەرییەكانی جامی عێراق، بەمەش یانەكانی زاخۆ و دهۆك لە قۆناغی 16ـی جامی عێراق راستەوخۆ بەشداریی پاڵەوانێـتییەكە دەكەن.