باخچەلی لەبارەی دیدارەکەی دەم پارتی و ئۆجەلان: کاتی هەنگاوی کردەییە

باخچەلی سەردانەکەی شاندی دەم پارتی بۆ دوورگەی ئیمراڵی بە "دەستپێکێکی خێردار" ناو دەبات و دەڵێت: ئێستە کاتی هەنگاوی کردەییە و پێویستە تورکیا بڕیاری خۆی بدات. 

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) پەیامێکی لەبارەی دیدارەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە دوورگەی ئیمراڵی بڵاو کردەوە. 

باخچەلی سەردانەکەی شاندی دەم پارتی بۆ دوورگەی ئیمراڵی بە "دەستپێکێکی خێردار بۆ دیموکراسی و برایەتیی تورک و کورد و پتەوکردنیی ئەو پەیوەندییە" ناو بردووە.

بە گوتەی باخچەلی "ئێستە کاتی ئەوەیە قسەکان بکرێنە کردار، ئەنجامەکانیشی ڕابگەیەندرێن." باسی لەوەش کردووە "نابێت هیچ هەنگاوێک لە سێبەری تیرۆر بمێنێتەوە، بۆیە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بابەتی هەرە لەپێشینەیە بۆ فەراهەمکردن کۆدەنکیی کۆمەڵگە و برایەتیی."

پێشنیوەڕۆی یەکشەممە،  29-12-2024، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەنجامی کۆبوونەوەی ڕۆژی شەممەیان، 28-12-2024، لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە زیندانی ئیمرالی، بڵاو کردەوە. 

لەبارەی لێدوانی بەشێک لە بەرپرسانی تورکیا بۆ چارەکردنی پرسی کورد، ئۆجەلان ڕایگەیاندووە "من لێهاتوویی و ئیرادەم هەیە بۆ بەشداریی ئەرێنی پێویست لە بانگەوازەکەی ئەردۆغان و باخچەلی بۆ گفتوگۆ." ئاماژەی بەوەش کردووە "سەردەم، سەردەمی ئاشتی و دیموکراسی و برایەتییە بۆ تورکیا و ناوچەکە."