میسر و ئوردن پێشنیازەکەی ترەمپ ڕەت دەکەنەوە

هەریەک لە میسر، ئوردن و فەڵەستین و کۆمکاری عەرەبی و حەماس پێشنیازەکەی ترەمپ بۆ چۆڵکردنی غەززە ڕەت دەکەنەوە

هەریەک لە ئوردن و میسر هەڵوێستی خۆیان لەبەرانبەر پێشنیازی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ چۆڵکردنی کەرتی غەززە، ئاشکرا کرد و ڕایانگەیاند، پێشنیازەکەی ڕەت دەکەنەوە، هاوکات نووسینگەی سەرۆکایەتیی دەسەڵاتی فەڵەستینیش ڕایگەیاند، بەهەموو شێوەیەک دژی ئەو هەوڵە دەوەستنەوە.

ئەیمەن سەفادی، وەزیری دەرەوەی ئوردن پێشنیازەکەی ترەمپ لە بارەی چۆڵکردنی غەززە ڕەت کردووە و ڕایگەیاند ''هەڵوێستی ئەوان لەبارەی ڕەتکردنەوەی وەرگرتنی ئاوارەکانی غەززە نەگۆڕە."

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی میسریش هەڵوێستی خۆی لەو بارەیەوە لە پەیامێکدا ڕایگەیاند گوتی: "هەموو پێشێلکارییەک لەبەرانبەر مافەکانی فەڵەستین ڕەت دەکەنەوە."

 کۆمکاری عەرەبی لە  لێدوانێکدا، پێشنیازی ترەمپ ڕەت کردووتەوە و هۆشیاریشی دا لەوەی ئەو هەوڵە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەلی فەڵەستینە.

هەروەها ڕاشیگەیاند "ئاوارەکردن و دەرکردنی خەڵک لە خاکی خۆیان لە پاککتاوکردنی نەتەوەیی بەولاوە هیچی تر نییە"

نووسینگەی مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین لە ڕاگەیەندراوێکدا بە توندی ڕەخنە لە پێشنیازەکەی دۆناڵد ترەمپ  لەبارەی چۆڵکردنی غەززە گرت ڕایگەیاند "بە هەموو شێویەک دژی ئەو هەوڵە دەوەستنەوە."

باسم نەعیم، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماسیش لەو بارەیەوە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند "فەلەستینییەکان ڕووبەڕووی ئەو جۆرە پڕۆژانە دەبنەوە، هەروەک چۆن بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو بەرەنگاری پلانی هاوشێوەی بوونەتەوە."
هەروەها ڕاشیگەیاند "گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ باکووری کەرتی غەززە هەڵوەشاندنەوەی پێشنیازەکەی ترەمپە."

ڕەشاد ئەلناجی، دانیشتووی غەززە ڕایگەیاند " گرنگ نییە چی ڕوو دەدات، بە ترەمپ و هەموو جیهان دەڵێین کە ئیمە فەڵەستینن و ئەم شارە چۆڵ ناکەین."

پێشتر ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان گوتبووی: پێشنیازێکی بۆ چۆڵکردنی کەرتی غەززە هەیە و داوا لە میسر و ئوردن و سەرجەم وڵاتانی دیکەی عەرەبی دەکەم، فەڵەستینییەکانی نیشتەجیێی غەززە بگوازنەوە وڵاتەکانیان، ئەمەش لە پێناو بەرقەراریی ئاشتی و سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

سەرۆکی ئەمەریکا کەرتی غەززەی بە ناوچەیەکی وێرانکراو ناو برد گوتبووی: لە بارەی پێشنیازەکەیەوە قسەی لەگەڵ شا عەبدوڵلا، شای ئوردن کردووە و داوای لێ کردووە بەشێک لە فەڵەستینییەکانی غەززە بە پەنابەر وەربگرێت، چونکە ناوچەکە بە تەواوی وێران بووە. هەر بۆ ئەم مەبەستە، پەیوەندیی بە عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسرەوە دەکەم.

هاوکات وەزیری دارایی ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوەکەدا پێشنیازەکەی ترەمپی بە "بیرۆکەیەکی نایاب" وەسف کرد و باسی لەوە کردووە "بیرۆکەی هاوکاریی (دانیشتووانی غەززە) بۆ دەستپێکردنی ژیانێکی نوێ و باش لە شوێنێکی دیکە، نایابە."