لە کەرکووک بڕیاریی رووخاندنی گەڕەکێکی کوردنشین دەدرێت

لە گەڕەکی بارووتخانەی شاری کەرکووک، هاووڵاتیان دژی بڕیارێک بۆ رووخاندنی خانووەکانیان خۆپێشاندانیان کرد و رێگەی سەرەکیی نێوان هەولێر و بەغدایان داخست.

هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک رایگەیاند "لە دوای ساڵی 2003وە چەند گەڕەکێکی کوردنشین لە کەرکووک دروستکراون، بەڵام ماوە ماوە بەڕێوەبەرایەتیی وەبەرهێنانی کەرکووک بە بیانووی ئەوەی بەشێک لەو زەوییانە دەکرێنە پڕۆژەی وەبەرهێنان، بڕیاری رووخاندنی خانووەکان دەدات، ئەمەش ناڕەزایەتیی توندی هاووڵاتیانی لێکەوتووەتەوە."

یەکێک لە خۆپێشاندەران بە کوردستان24ـی راگەیاند "هەڕەشەی رووخاندنی خانووەکانمان لێ دەکەن و تا رۆژی یەکشەممە مۆڵەتیان پێداوین بۆ ئەوەی چۆڵی بکەین. کاتێک پەیوەندیمان بە بەرپرسانی شارەکەوە کردووە، دەڵێن بێئاگاین؛ تەنانەت بەڕێوەبەری وەبەرهێنانیش بێئاگایی خۆی پێشاندا و گوتی، ئیدارەی گشتی دەیەوێت مافی ئەم خەڵکە بخوات."

ئەو هاووڵاتییە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم گەڕەکە کوردنشینە لە 330 ماڵ پێکهاتووە و ئیدارەی گشتی داوای 64 دۆنم زەوی لەوان دەکات، ئەو پرسیاری ئەوەی کرد "ئەم خەڵکە هەژارە لە کوێی بهێنێت؟ چۆن دەبێت خانووەکانیان بڕووخێنرێن؟ هیوادارین بە بڕیارەکانیاندا بچنەوە و بەزووترین کات داوای لێبووردن بکەن."

خۆپێشاندەرێکی دیکە کە خۆی وەک پێشمەرگەی سکرتاریەت ناساند، بە خەمبارییەوە گوتی "بە دەردەسەری، نەهامەتی و قەرز خانووەکەم دروستکرد، بەڵام رووخاندیان. ئێستاش دەڵێن خانووەکانی تریش دەڕوخێندرێن و دەکرێنە پڕۆژە، گوایە بڕیارەکە لەلایەن رێبوار تەهاوە دەرچووە."

هاوکات هاووڵاتییەکی دیکەی بەشداربوو لە خۆپێشاندانەکە ئاماژەی بەوە کرد، هێزەکان بە فەرمانی لایەنێکی مەکتەبی سیاسی و بە ناوی "ئاسۆ ئەڵمانی" هاتوون و ماڵ و منداڵیان لەناو خانووەکاندا ئاوارە کردووە.

ئەو خۆپێشاندەرە گوتیشی "دەڵێن تا رۆژی یەکشەممە خانووەکانتان بەسەردا دەڕووخێنین و دەبێت چۆڵی بکەن. ئێمە داوا لە عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین بێتە سەرخەت، چونکە بەڕێوەبەری ئەمشارە دەیەوێت تەعریبمان بکات و نازانین بۆ کوێ بڕۆین."

ئەو هاووڵاتییە روونیشیکردەوە، کە دوێنێ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کەلەبچە کراوە و پێیان گوتووە بە فەرمانی ئاسۆ ئەڵمانی هاتوون، خۆپێشاندەران جەختیان کردەوە کە تا لایەنی پەیوەندیدار نەیێتە سەرخەت و کێشەکەیان بۆ چارەسەر نەکات، رێگەی سەرەکیی هەولێر - بەغدا ناکەنەوە.