ژماره‌ی قوربانیانی كۆرۆنا له‌ جیهان نیو ملیۆن مردوو و 10 ملیۆن تووشبووی تێپه‌ڕاند‌

ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مه‌ریكا هۆشداری ده‌ده‌ن

K24- هه‌ولێر:

ژمارەی گیان لەدەستدان بە کۆرۆنا لە جیھان نیو ملیۆن کەسی تێپه‌ڕاند و ژمارەی تووشبووانیش سنووری ١٠ ملیۆن كه‌سی ده‌رباز كرد.

لە ئەمه‌ریکا، ئەڵمانیا، ئەوروپا و رۆژڵاتی ناوەراست شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا سەریھەڵداوەتەوە. ھەرچەندە لە 3 ھەفتەی رابردوو لە ئەمه‌ریکا و ئەوروپاش بەگشتی، ژمارەی تووشبوون و گیان لەدەستدان بە کۆرۆنا کەمبووبوویەوە، بەڵام جارێکی دیکە ژمارەکان بەرزبوونەتەوە.

به‌گوێره‌ی دوایین ئامار كه‌ له‌ میدیا جیهانییه‌كان بڵاوبووه‌ته‌وه‌، ئێستا لە 10 ملیۆن و ھەزار کەس له‌سه‌ر ئاستی جیهان تووشی کۆرۆنا بوونه‌ و زیاتر له‌ 500 ھەزار كه‌سیش بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە.

لە ٢٤ کاتژمێری رابردوو تەنیا لە بەریتانیا زیاتر له‌ 100 کەس بە کۆرۆنا گیانیان لە دەستداوە و نزیكه‌ی 900 کەسیش تووشی ڤایرۆسەکە بوون.

هاوكات لە ئەمه‌ریکاش ھۆشداری لە زیاتر تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە دەدرێت و پلان بۆ ده‌ركردنی رێكاری نوێ داده‌ڕێژرێت.

H.B