ژمارەیەک پسپۆڕی سەربازیی ڕووس سەردانی پێگەی مووشەکی ئێرانیان کردووە

ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، لە ساڵی ڕابردوودا حەوت پسپۆڕی سەربازیی ڕووس بە دوو گەشتی ئاسمانی لە 24ـی نیسان و 17ـی ئەیلوول چوونەتە ئێران و سەردانی پێگەی بەرهەمهێنانی مووشەکی ئەو وڵاتەیان کردووە.

سێشەممە 4ـی ئاداری 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، لە چوارچێوەی هەماهەنگییە سەربازییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیا، ساڵی ڕابردوو  حەوت  پسپۆڕی سەربازیی ڕووس سەردانی ئێرانیان کردووە.

بە گوێرەی ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، ئەو حەوت کەسە بە ڤیزای کاروباری حکوومەتی و سەربازیی گەشتیان کردووە.

ڕۆیتەز لەسەر زاری بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئێران بڵاوی کردووەتەوە،  ساڵی ڕابردوو، ژمارەیەک لە پسپۆڕانی سەربازیی ڕووس سەردانی پێگەی بەرهەمهێنانی مووشەکی ئێرانیان کردووە.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەو پسپۆڕانە هەموویان پێشینەی سەربازییان هەیە، لە نێویاندا عەقید و لیوایان هەن.

بە گوێرەی داتای دامەزراندنی ڕووسیا لە ساڵی 2021 تا 2024، دوو لە پسپۆڕەکان لە سیستەمی مووشەکی بەرگریی ئاسمانی کار دەکەن، سێیانیان لە تۆپخانە و موشەکن، هاوکات یەکێکیان پێشینەی پەرەپێدانی چەکی پێشکەوتووی هەیە و ئەوی دیکەشیان لە مەودای تاقیکردنەوەی مووشەکدا کاری کردووە.

لە مانگی کانوونی دووەمی 2025 ئێران و ڕووسیا پەیمانامەیەکی هاوکاریی بەرگریی سەربازییان بۆ ماوەی 20 ئیمزا کرد.