ئەمینداری حزبی ئوممە: گرووپە چەکدارەکان مووچە لە عێراق و فەرمانیش لە ئێرانەوە وەردەگرن

ئەمینداری گشتیی حزبی 'ئوممە' دەڵێت: گرووپە چەکدارەکانی عێراق مووچەیان لەسەر عێراقە و فەرمان لە ئێرانەوە وەردەگرن و هەوڵ دەدەن وڵات بخەنە کێشەیەکی گەورەوە.

مەحموود عگێلی، ئەمینداری گشتیی حزبی 'ئوممە'ـی عێراقی، لە کاتی بەشداریی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 12:00ـی کوردستان24، ڕایگەیاند "ئەمڕۆ گرووپی چەکدار لە عێراق هەن، گوێ لە فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان و پەرلەمان ناگرن، ئەمەش عێراق دەخاتە کێشەیەکی گەورەوە."

بە گوتەی عگێلی "ئەو گرووپە چەکدارییانە مووچەیان لەسەر عێراقە، بەڵام فەرمان لە ئێرانەوە وەردەگرن. ئێرانیش دەیەوێت لە ڕێگەی شەڕی بە وەکالەتەوە عێراق تووشی قەیران بکات، زیانمەندی سەرەکیش لەمەدا خەڵکە."

ئەمینداری گشتیی حزبی 'ئوممە' باسی لەوەش کرد "لەم بارەیەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق هۆشداریی پێ دراوە بەوەی حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکان هەڵبوەشێندرێنەوە یاخود تێکەڵی دامەزراوە ئەمنییەکان بکرێن، ئەمە شتێکە نکوڵی لێ ناکرێت."

وەکوو ئەوەی عگێلی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی پــێ دا "ئەگەر ئێران هێرشی بکرێتە سەر، لە ڕێگەی چەکدارەکانی نزیک لە خۆی بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق، بۆمباران دەکات، ئەمەش عێراق دەخاتە کێشەی گەورەوە."

Fly Erbil Advertisment