فەرەنسا نوێنەری ئێرانی لە پاریس بانگهێشت کرد و هۆشداریی توندی دایە تاران

عێراقچی دیپلۆماتکارانی فەرەنسی بە ڕەفتاری نەشیاو تۆمەتبار دەکات

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا کاربەڕێکاری ئێرانی لە پاریس بانگهێشت کرد بەهۆی دەستبەسەرکردن و ئازاردانی کارمەندانی باڵیۆزخانەکەی لە تاران، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە نێوان وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵاتدا کە تێیدا تاران دیپلۆماتکارانی فەرەنسی بە ئەنجامدانی رەفتاری نەشیاو تۆمەتبار دەکات.

سێشەممە 21ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، کاربەڕێکاری ئێرانی لە پاریس بانگهێشت کرد، پاش دوو رۆژ لە راگەیاندنی دەستبەسەرکردن بەرامبەر بە دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە شاری تاران.

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی داوە، "فەرەنسا چاوەڕوان دەکات دەسەڵاتدارانی ئێران راستییەکانی ئەم رووداوە ئاشکرا بکەن، لایەنە بەرپرسەکان سزا بدەن و ئاسایشی بارەگا و کارمەندەکانمان زامن بکەن بەپێی پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکان." هاوکات، ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، بابەتەکەی لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران تاوتوێ کردووە و هۆشداری داوە کە ئەم کارە بێ وەڵام تێپەڕ نابێت.

لەلایەکی دیکەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەژماری فەرمی خۆی لە تێلێگرام بڵاوی کردەوە، ناڕەزایەتی توندی ئاڕاستەی بارۆ کردووە سەبارەت بە رەفتارە "نائاسایی و نادیپلۆماسی و ناپیشەییەکانی" دوو دیپلۆماتکاری فەرەنسا لە تاران کردوویانە، و رایگەیاندووە ئەم جۆرە جووڵانە بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نین. عێراقچی جەختی لەوە کردەوە رێزگرتن لە یاسا و رێساکانی وڵاتی خانەخوێ پێویستی بە بەردەوامبوونی چالاکیی نێردە دیپلۆماسییەکانە.

جگە لە کێشەی دیپلۆماتکارەکان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا باسی لە پرسی گەرووی هورمز کرد و جەختی کردەوە داخستنی گەرووەکە دەرەنجامی راستەوخۆی پێشێلکردنی بەڵێنەکانی ئەمریکایە لەژێر یادداشتی تێگەیشتنی ئیسلامئاباد و تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکەیە لە لایەن واشنتنەوە، و بەرپرسیارێتی تەواوی ئەم دۆخەشی خستە ئەستۆی لایەنی ئەمریکی.