بلوومبێرگ: سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا لە جەنگ دژی ئێران هاوکاری ئەمریکا دەکات

سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا، رێگەدانی بە هێزەکانی ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانی وڵاتەکەی پەسەندکرد بە مەبەستی ئەنجامدانی هێرش دژی ئێران، کە بەمەش درێژە بە سیاسەتەکەی پێش خۆی دەدات.

سێشەممە 21ی تەممووزی 2026، بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی بلوومبێرگ، ئەندی بێرنهام، سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا رێگەدانی بە هێزەکانی ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانی بەریتانیا پەسەندکرد، ئەمەش بەو مەبەستەیە کە لەندەن بە هێرشی بەرگری دژی ئێران ناوی دەبات.

بێرنهام ئەم بڕیارەی پاش ئەوە دا کە وەزیرانی حکومەتەکەی لە کۆبوونەوەی رۆژی هەینی لیژنەی فریاگوزاریی نیشتمانیی بەریتانیا (COBR) رێککەوتن لەسەر هێشتنەوەی هەردوو بنکەی دیێگۆ گارسیا لە زەریای هیندی و بنکەی ئاسمانیی فێرفۆرد بە رووی ئۆپەراسیۆن و فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکادا.

ئەم بڕیارەی سەرۆکوەزیرانی نوێ بە مانای بەردەوامبوونی سیاسەتەکانی کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی پێشوو دێت لە پەیوەندییە سەربازییەکان لەگەڵ واشنتندا. پێشبینی دەکرێت لە رێگەی ئەم بڕیارەوە، بنکە سەربازییەکانی بەریتانیا پاڵپشتییەکی راستەوخۆ پێشکەش بەو شەپۆلە نوێیەی هێرشە سەربازییانەی ئەمریکا بکەن کە ئێستا دژی ئێران بەڕێوەدەچن.

هەر ئەمڕۆ، رۆژنامەی تەلەگراف بەریتانی بڵاوی کردبووەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە یەکەم پەیوەندیی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەندی بێرنهام، سەرۆک وەزیرانی نوێی بەریتانیا، داوای کردووە لەندەن بەردەوام بێت لە رێگەدان بە هێزەکانی ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانی بەریتانیا، بە تایبەتی بنکەی فێرفۆرد لە گلۆستەرشایر و بنکەی دیێگۆ گارسیا لە زەریای هیندیدا، بە مەبەستی هێرشکردنە سەر ئێران.

پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان ترەمپ و بێرنهام پاش ماوەیەکی کەم لە دەستبەکاربوونی فەرمیی سەرۆک وەزیرانی نوێ کرا، کە تێیدا باسیان لە پرسی بازرگانی، هاوپەیمانیی سەربازی، نەوتی دەریای باکوور و پاککردنەوەی گەرووی هورمز لە مین کرد. هەرچەندە لایەنەکان باسیان لە پرسی بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکان نەکرد، بەڵام تەلەگراف روونی دەکاتەوە ئەمە مەرجێکی بنەڕەتیی واشنتن بووە، بە تایبەت کە ترەمپ پێشتر نائومێدی خۆی لەو هاوپەیمانانەی ناتۆ دەربڕیبوو کە رێگەیان نەدابوو ئەمریکا بنکەکانیان بەکاربهێنێت.

پێشتر کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا، داواکارییەکی ئەمریکای بۆ بەکارهێنانی بنکەی دیێگۆ گارسیا دژی ئێران رەتکردەوە، ئەمەش تووڕەیی ترەمپی لێکەوتەوە و پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و لەندەنی ئاڵۆز کرد، هەرچەندە دواتر لەندەن رێگەی دا فڕۆکەکانی ئەمریکا لە بنکەی فێرفۆردەوە کاربکەن، بەڵام ئەم هەنگاوە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی دژە جەنگی لە بەریتانیادا لێکەوتەوە.