میسر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا سەرکۆنە دەکات
میسر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا و بۆوردومانکردنی نۆرینگەیەکی پزیشکی لە غەززە بە توندی سەرکۆنە دەکات.
پێنجشەممە 3ـی نیسانی 2025، وەزارەتی دەرەوەی میسر لە بەیاننامەیەکدا هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر چەند ناوچەیەکی سووریا سەرکۆنە کرد و دەڵێت: ئەو هێرشانە پێشێلکردنێکی ڕوونی یاسای نێودەوڵەتییە بۆ سەر سەروەری سووریا و یەکپارچەیی و ئارامییەکەی. دەشڵێت: بارودۆخی ناوخۆی سووریا بۆ ئەو هێرشە قۆزراوەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی میسر، لە بەیاننامەکەدا داوای لە لایەنە نێودەوڵەتییە چالاکەکان کردووە، هەڵوێستیان بەرانبەر پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل هەبێت و ئیسرائیل ناچار بکەن دەست لە داگیرکردنی خاکی سووریا بە ربدات، هاوکات ڕێز لە ڕێککەوتنی ساڵی 1974 بگرێت.
دوێنێ چوارشەممە 2ـی نیسانی 2025، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا "سانا" بڵاوی کردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەند شوێنێکیان بۆمباران کردووە، لەوانەش ناوەندێکی لێکۆڵینەوەی زانستی لە گەڕەکی مەساکن بەرەزە لە دیمەشق.
بە پێی ئاژانسەکەکانی هەواڵ، فڕۆکەکان تەنیا بۆمبارانی دیمەشقیان نەکردووە، بەڵکو فڕۆکەخانەی سەربازیی حەما و دەوروبەری فڕۆکەخانەی T4ـی سەربازیی لە حمسیش بۆمباران کردووە.