دوو برا لە کوێستانەکانی برادۆست بەر مین کەوتن و یەکێکیان گیانی سپارد
دەزگای گشتیی کاروباری مین - هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24 ـی ڕاگەیاند، بەرە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، دوو برا لە کوێستانەکانی برادۆست بەرمین کەوتوون و یەکێکیان گیانی سپاردووە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی دەزگاکە ئەو دوو برایە بە ناوەکانی محەمەد هەینی و سەفوان هەینی، دانیشتووی گوندی بێخمەی سنووری شارەدێی خەلیفان لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێیان بۆ ڕێواس چوونەتە کوێستانەکانی دەڤەری برادۆست و مینیان پێدا تەقیوەتەوە، لە ئەنجامدا محەممەدی تەمەن 28 ساڵ دەستبەجێ گیانی سپاردووە و براکەشی بریندار بووە.
هەر لە بارەی ئەم ڕووداوەوە، بەشی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری مین لە هەولێر ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووەئەو دوو برایە بەمەبەستی کۆکردنەوەی گژوگیای بەهاریی ڕوویان کردووەتە زنجیرە چیای قەلەڕەش لە سنووری قەزای سیدەکان، کەناوچەکە کێڵگەی مینە.
هەروەها جەختی لە پەیامی هۆشیاریی دەزگاکە کردووە بۆ سەلامەتی گیانی هاونیشتیمانیان و ڕایگەیاندووە، لە کاتی دەرچوونیان بۆ کۆکردنەوەی گژوگیا بەهارییەکان و لە کاتی شوانی و شاخەوانی و گەشتوگوزاردا، ئەگەر شارەزای ناوچەکە نین، پرسیاری کەسانی شارەزای ناوچەکە بکەن، یان لە کاتی بینی مین یان هێماکان لێی نزیک نەبن و پەیوەندی بە هێلی گەرمی دەزگای مین ژمارە(182) بکەن بۆئەوەی کارمەندانمان ڕێنوێنی خۆپارێزی پێویست بدەن.
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکوو ئێستا ئەمە چوارم هاووڵاتیی هەرێمی کوردستانە بەهۆی تەقینەوەی مین گیان بسپێرێت، پێنج کەسیش برینداربوون.
هەروەها لە ڕۆژی جیهانیی هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییانە لە مین، عەلی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای گشتیی کاروباری مین - هەولێر، هەینی 4ـی نیسانی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: تاوەکوو ئێستا لە سنووری پارێزگای هەولێر 53%ـی ڕووبەری زەوییە بە مین چێندراوە پاککراوەتەوە و ئەوەی ماوە بەگوێرەی پلانی ساڵانە کار لەسەر پاککردنەوەیان دەکرێت.