بۆ یەکەمجار؛ زیاتر لە 700 ئۆتومبێلی فەرمانگەکانی ئاو و ئاوەڕۆ بە دیجیتاڵی چاودێری دەکرێن

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە هەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەت بۆ گواستنەوە بەرەو سیستەمی دیجیتاڵی و نوێکردنەوەی شێوازەکانی بەڕێوەبردن، سیستەمێکی تایبەت بۆ زیاتر لە 700 ئۆتومبێل دادەنرێت.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی نیسانی 2026، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: بۆ یەکەمجار لە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بە هەموو بەڕێوەبەرایتییەکانەوە، سیستەمێکی تایبەت بۆ ئۆتومبێلەکانمان دادەنێین.

گوتیشی: لە رێگەی ئەم سیستەمەوە دەتوانین بزانین، ئۆتومبێلەکان لەکوێن و کێشە و گرفتەکانیان و خێرایی رۆیشتنیان و بەنزین و ڕوونی بێ گرفتە، یان هەبوونی کێشە و گرفتێک، هەروەها زانیاری لەسەر سزای خێرایی لێخوڕین و تەواوی بەشەکانی ئۆتومبێلت پێ دەدات.

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، ئەم سیستەمە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی خەرجییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی کارایی.

دەربارەی خەرجی ئەم سیستەمە، ئاری ئەحمەد باسی لەوە کرد، ئەم پرۆژە ستراتیژییە لەلایەن کۆمپانیای تۆڕێنتەوە جێبەجێ کراوە، تێچووەکەی دەگاتە 97,416,000 دیناری عێراقی، لەم قۆناغەدا سیستەمەکە 767 ئۆتۆمبێل و ئامێر لەخۆ دەگرێت.