کەرکووک.. بە هۆی پیسبوونی ژینگە ڕۆژانە هاووڵاتییان تووشی شێرپەنجە دەبن
لە ئەنجامی دووکەڵی کێڵگە نەوتییەکان و کەمیی ڕێژەی سەوزایی، نەخۆشییەکانی هەناسەدان و شێرپەنجە لە کەرکووک، لە هەڵکشاندان.
لە ڕووی کوالیتییی ژینگەوە، کەرکووک لە ڕیزبەندی ئەو شارانەیە کە پێویستی بە ئاوردانەوەی خێرا هەیە. لەبەر نەبوونی پشتێنەی سەوزایی، خۆڵ و تەپوتۆز زۆر بە ئاسانی دەگەنە ناوەندی شار، ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر تەندروستیی هاووڵاتییان دروست دەکات.
شێرزاد حوسێن، هاووڵاتییەکی شاری کەرکووکە و بە هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لەبەر ئەوەی لە شارەکەمان هیچ پارک، باخچە و شوێنێکی سەوزایی نییە بچیت تێیاندا دابنیشیت، ناچار دەبین بێینە چایخانەکان. سەیرێکی هەولێر بکە، بە هەر لایەکدا دەڕۆیت، کراوەتە پارک، باخچە و دارستان. هەر حەز دەکەیت سەیریان بکەیت. لێرە ئەم شتانە نییە."
سۆران عاسیش هاووڵاتییەکی دیکەی کەرکووکە و وەکوو خۆی گوتی "دایکم لەبەر پیسبوونی ژینگەی شارەکەمان، تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە. زۆر گرنگ و پێویستە هەوڵ بۆ زیاترکردنی سەوزایی شارەکە بدرێت."
تەندروستی کەرکووک لە دوای خۆڵبارینەکەی چەند ڕۆژی ڕابردوو بڵاوی کردەوە، پێشوازییان لە 119 هاووڵاتی کردووە کە تووشی تەنگەنەفەسی ببوون و دوای وەرگرتنی چارە، نەخۆشخانەیان بەجێ هێشتووە.
دکتۆر محەممەد عەبدولعەزیز، پسپۆڕی ژینگە، بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: بۆ ئەوەی مرۆڤ بەردەوام بێت لە ژیان، پێویستی بە ئۆکسجینە. بە گوێرەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، هەر مرۆڤێک پێویستی بە 20 بۆ 30 مەتر دووجا سەوزایی لەسەر ڕووی زەوی هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت ئۆکسجین هەڵمبژێت و بژیت. ئەگەر لە شوێنێک هیچ ڕووەک و سەوزاییەک نەبوو، مرۆڤ، غاز وگەردیلە و ماددە زیانبەخشەکانی نێو هەوای پیس هەڵدەمژێت و لە ئەنجامیشدا تووشی چەندان جۆری نەخۆشی دەبێت، لەسەرووی هەمووشیانەوە، شێرپەنجە کە ڕۆژ بە ڕۆژ لە هەموو جیهان و بە تایبەت عێراق زیاد دەکات.
جگە لەوەی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان تووشی نەخۆشییەکانی هەناسەدان بوونەتەوە، بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی کەرکووک، ساڵانە زیاتر لە هەزار کەس لە سنووری ئەو پارێزگایە تووشی شێرپەنجە دەبن کە ڕۆژانە دەکاتە دوو بۆ سێ کەس.
دوو لە هۆ باوەکانی نەخۆشییەکانی هەناسە و شێرپەنجە، کەمی سەوزایی و دووکەڵی کێڵگە نەوتییەکانە کە ڕۆژانە خەڵکی ئەم شارە هەڵی دەمژن .