کرێملن: پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمەریکا کۆتایی بە کێشەکان دەهێنێت
گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا 'کرێملن' ڕایگەیاند، پێشوازیی لە پەیوەندییەکەی ئەمەریکا و ئێران دەکەن. دەشڵێت، ئەو پەیوەندییە کۆتایی بە کێشەکانی ناوچەکە دەهێنێت.
سێشەممە 8ـی نیسانی 2025، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا 'کرێملن' پێشوازیی لە نزیکبوونەوەی ئێران و ئەمەریکا دەکات و ڕایگەیاند، پێشوازیی لەو دەست پێشخەرییە دیبلۆماسییەی ئێران و ئەمەریکا دەکەین.
گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا، جەختیشی کردووە ئەو پەیوەندییەی ئەمەریکا و ئێران دەبێتە هۆی دامرکاندنەوەی ئەو کێشانەی لە ناوچەکەدا هەن.
هەروەها گوتیشی: ئاگەداری ئەو پەیوەندییەی ئێستای ئەمەریکا و ئێرانین کە بڕیارە لە عومان کۆ ببنەوە، جا بەشێوەی ڕاستەخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ بێت.
پێشتر دیمیتری پیسکۆڤ ڕایگەیاندبوو، ڕووسیا لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە یەکتر، ئامادەیە ڕۆڵی نێوەندگیر لە نێوان ئەمەریکا و ئێران ببینێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمی تاران.
ئەمەش لە کاتێکدیە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو شەمەی داهاتوو لەسەر ئاستی باڵا، کۆبوونەوەی ڕاستەخۆمان لەگەڵ تاران دەبێت، عەباس عراقچیش، وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی کردووە کە کۆبوونەوەکە لە عومان دەبێت، بەڵام بە ناڕستەوخۆ.