فیلمی "هۆشیار" لە مەغریب خەڵاتی باشترین فیلمی بەڵگەنامەیی بەدەستهێنا
فیلمی "هۆشیار"، کە لە دەرهێنانی زولفیکار موتەیرییە، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەمای دیجیتاڵ و فیلمی کورت لە مەغریب، توانی خەڵاتی باشترین فیلمی بەڵگەنامەیی بەدەستبهێنێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ی تەمموزی 2026، زولفیکار موتەیرییە، دەرهێنەری فیلمەکە بە کوردستان24ی گوت، "فیلمی "هۆشیار"، خۆم کاری دەرهێنانی بۆ کردووە و سیناریۆکەی لەلایەن موستەفا حەسەن نووسراوە. عیماد مستەفا وەک بەڕێوەبەری وێنەگرتن بەشداری کردووە و وێنەگرتنیش لەلایەن عەلی نازم ئەنجامدراوە. دەنگ لەلایەن کەرار ئەحمەد ئامادەکراوە و بەڕێوەبەرایەتی هونەری بە حازم محەمەد سپێردراوە. کاری گرافیکیش لەلایەن مونتەسیر ئەنجامدراوە و بەشی پشت پەردەی فیلمەکە لەلایەن شوان زەنگەنە تۆمار کراوە."
زولفیکار موتەیرییە گوتیشی، "فیلمەکە چیرۆکی هۆشیار عەلی دەگێڕێتەوە، ئەو پیاوەی ژیانی خۆی کردووە بە ئەرکێکی مرۆڤایەتی بۆ پاککردنەوەی مین لە هەرێمی کوردستان و خاکی مەترسیی گۆڕیوە بۆ خاکێکی ئارام و ژیانبەخش. لە رێگەی گەشتی ژیانیدا دەبینین کە قارەمانی تەنیا لە خەیاڵدا نییە، بەڵکو لە راستیدا هەیە، و قارەمانە راستەقینەکان ئەوانەن کە بە بێ دەنگی رووبەڕووی مردن دەبنەوە بۆ ئەوەی ئارامی بە کەسانی تر ببەخشن."
ئەو دەرهێنەرە زیاتر باس لە چیڕۆکی فیلمەکە دەکات و دەڵێت، "فیلمەکە شێوازی بەڵگەنامەیی و درامی تێکەڵ کردووە بۆ ئەوەی وێنەیەکی کاریگەر پێشکەش بکات لە مرۆڤێک کە توانیویەتی لە ئازار و لەدەستدان تێپەڕێت و بە دەستی خۆی ئاشتی دروست بکات. لە کۆتایی گەشتەکەدا، هۆشیار عەلی وەک قارەمانێکی سوپەر دەردەکەوێت لە جۆرێکی جیاواز نەک بە هێزی جادوویی، بەڵکو بە بوێرییەک کە بتوانێت ژیان بگەڕێنێتەوە بۆ زەوییەک کە رۆژگارێک مردوو بوو."
زولفیکار موتەیرییە دەربارەی گرنگی فێستیڤاڵەکە دەڵێت، "ئەم فێستیڤاڵە 21 فیلم لە 16 وڵات بەشداریان کردووە و بە یەکێک لە چالاکییە نێودەوڵەتییە تایبەتمەندەکانی سینەما ناسراوە، کە سەرنجی خۆی خستووەتە سەر فیلمە دیجیتاڵییەکان و فیلمە کورتەکان، و ئامانجی سەرەکیی بریتییە لە پشتگیری لە داهێنەران و بەرهەمهێنەرانی سەربەخۆی فیلم لە جیهاندا، هەروەها هاندانی بەرهەمهێنانی سینەمای دیجیتاڵ و شێوازە نوێکانی گێڕانەوەی بینراو."
ئەو دەرهێنەرە ئاماژەی بەوەش دا، "هەروەها فێستیڤاڵەکە بە شێوەی گشتیی پێشبڕکێی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت وەکو، فیلمی کورت، فیلمی بەڵگەنامەیی، فیلمی ئەنیمەیشن، سینەمای دیجیتاڵ و پێشبڕکێی فیلمە پیشەییەکان؛ ئەو بەشەی کە پۆلی فیلمی بەڵگەنامەیی تێدایە فیلمی "هۆشیار"ە، کە تێیدا توانیمان خەڵاتی باشترین فیلمی بەڵگەنامەیی بەدەست بهێنین."
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەمای دیجیتاڵ و فیلمی کورت لە مەغریب، لە 29ی حوزەیرانی 2026، بەبەشداری 21 فیلم لە مەغریب بەڕێوەچوو و ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بوو.

