وردەکاریی کۆبوونەوەی نێوان ئێران و ئەمەریکا

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکەی نێوان ئێران و ئەمەریکا لە مەسقەت، دەربارەی پرۆژەی ئەتۆمی ئێران دەستی پێ کرد و وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ناڕاستەوخۆی نێوان شاندی ئێران و ئەمەریکا ، گفتوگۆکردنە لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی و هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران.

میدیاکانی ئێران ئاشکرایان کردووە، دانوستانی نێوان ئەمەریکا و ئێران لە دوو ژووری جیاواز لە باڵەخانەیەکدا بەڕێوە دەچێت.

ئەمڕۆ شەممە 12ـی نیسانی 2025، عەباس عراقچی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لەگەڵ نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ستیڤ ویتکۆف، گەیشتنە مەسقەتی و بە نێوەندگیریی عوممان ناڕاستەوخۆ دەستییان بەکۆبوونەوە کرد ئێستە کۆبوونەوەکەیان بەردەوامە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاوی کردەوە، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ناڕاستەوخۆی نێوان شاندی ئێران و ئەمەریکا ، گفتوگۆکردنە لەبارەی دۆسییەی ئەتۆمی و هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران.

مەهدی فەزائلی، لە نووسینگەی ڕابەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند: ئەوەی لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی نیوۆرک تایمزی ئەمەریکیدا هاتووە لەبارەی ئەوەی، خامنەیی ڕازیی بووە بەوەی دانوستانی ڕاستەخۆ لەگەڵ ئەمەریکا بکەن، درۆیە و دوورە لە ڕاستی.

سەرچاوەکانی عوممان ئاشکرایان کردووە، دانوستانی نێوان ئەمەریکا و ئێران، پەیوەستە بە وەستاندنی پرۆژەی ئەتۆمی، بەڵام شاندی ئێران دەخوازێت لەبەرامبەر وەستاندنی پرۆژە ئەتۆمییەکەی، ئابڵووقە و سزاکانی ئابووری سەر وڵاتەکەی هەڵگیرێت.

فاتیمە موهاجیرانی، گوتەبێژی حکوومەتی ئێران ڕایگەیاند: دانوستانەکان بەلای ئێمەوە ئەرێنین، دانووستانی ورد و بێ خەوشن.

ڕۆژنامەی نیوۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، خامنەیی لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی ئێران کۆبووەتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی وەڵامی ئێران بۆ پەیامەکەی دۆناڵد ترەمپ کە بۆی ناردبوو. هەر بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی نیوۆرک تایمز، بەرپرسانی باڵای ئێران، هۆشدارییان داوەتە خامنەیی لەوەی مەترسییەکان زیاتر نەکەن، بەتیابەتیش لە دروستبوونی جەنگی نێوان ئەمەریکا و ئێران، هاوکات ئەو بارودۆخە ئابوورییە داڕووخاوەی لە ئێران هەیە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، خامنەیی کە پێشتر گفتوگۆ و دیالۆگی لەگەڵ ئەمەریکا بە نا حەکیمانە دەزانی، ئێستا ڕازی بووە بەوەی دانوستانی ناڕاستەخۆ لەگەڵ ئەمەریکا بکرێت، بۆ ئەوەی ڕێگە خۆش بکات کۆبوونەکانی داهاتوو ڕاستەوخۆ بکرێن ئەگەر لەو کۆبوونەوەیەدا کەشێکی ئەرێیی دروست بوو.