عراقچی هۆشداریی دەداتە وڵاتانی ترۆیکا

وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریی دەداتە وڵاتانی ترۆیکا و دەڵێت: ئەگەر سزاکانی 10 ساڵ بەر لە ئێستا بەسەر تاران بسەپێننەوە، ئەوا بارودۆخێک دێتە ئاراوە کە بە هیچ شێوەیەک کۆنترۆڵ ناکرێت.

دووشەممە 12ـی ئایاری 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە گۆڤاری هەفتانەی 'لی پۆینتی فەرەنسی' نووسویەتی: ئێران هەوڵوێستی خۆی لە بەرانبەر بەرنامەی ئەتۆمی وڵاتەکە ئاشکرا کردووە.

وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریشی داوەتە بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا (وڵاتانی تریکا)، هاوکات ڕوونی کردەوە، سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر تاران بەرو بارودۆخێکیان دەبات کە بەهیچ شێوەییەک کۆنترۆڵ ناکرێت.

عراقچی گوتیشی: لەگەڵ سەپاندەوەی سزاکان، ئەو سێ وڵاتە هیچ ڕۆڵێکیان لە ڕێککەوتنی 2015 لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران نامێنێت.

هەر ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە بارەی دانوستانەکانیان لەگەڵ ئێران گوتی: ئێمە دەمانەوێت ئێران دەوڵەمەند و دڵخۆش و مەزن بێت، بەڵام بەهیچ شێوەییەک نابێت ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

هەروەها باسی لەوەش کرد، پێی وایە ئێران لەوە تێگەشتەوە کە ئەمەریکا بازرگانی دەوێت، بۆیە تاوەکوو ئێستا ڕەفتارییان جێگای ڕەزامەندییە.

 بڕیاربوو بەر لە بەڕێوەچوونی گەڕی سێیەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا، تاران لەگەڵ بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا کۆببێتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکەیان دواخرا.

 لە ساڵی 2015 هەر یەکە لە وڵاتانی ئەمەریکا، چین، ڕووسیا، فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا لەگەڵ ئێران لەسەر سنووردارکردنی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران ڕێککەوتبوون، کە بە ڕێککەوتنی 1+5 ناسرابوو.

هەروەها لە ساڵی 2018، دۆناڵد ترەمپ، لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی خۆی لە ئەمەریکا بە بیانووی پێشێلکردنی ڕێکەوتننامەکە لەلایەن ئێرانەوە، لە ڕێککەوتنامەکە کشایەوە.

ترۆیكا زاراوه‌یه‌كی ڕووسیی سیاسییه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌ی سێ وڵات به‌كار دێت كه‌ هه‌ر سێ وڵات به‌رانبه‌ر به‌ دۆسیه‌یه‌ك یه‌ك هه‌ڵوێست و یه‌ك بۆچوونی هاوشێوه‌ و هاوبه‌شیان هه‌بێت. به‌ریتانیا، ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسا له‌م باره‌وه‌ له‌ دۆسیه‌ی ئه‌تۆمی ئێران یه‌ك بۆچوونی هاوبه‌شیان هه‌یه‌.