"بودجەی ئەمساڵی عێراق پەسەند ناکرێت"
کار لەسەر بودجەی 2021 دەکرێت
K24 - ھەولێر
لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، حکومەت کار لەسەر ئامادەکردنی پڕۆژە بودجەی 2021 دهكات و بە گوێرە داتاکان بۆ ساڵی 2020 هیچ بودجەیەک نابێت، بۆ ئەوەش بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا وەزیری دارایی لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیرانی دهربارەی پڕۆژە بودجەی ساڵی داهاتوو کۆبێتەوە.
شێروان میرزا ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ پەسەندکردنی پڕۆژە بودجەی 2020.
هاوکات ئاماژەی بەوەشدا، حکومەت ئامادەکاری بۆ پرۆژه بودجەی 2021 دەکات، بۆ ئەوەی لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەند بکرێت و دواتر رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بکرێت بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، لیژنەکەیان چاوەڕێی کاتی دیاریکراوە بۆ ئەوەی لەگەڵ وەزیری دارایی کۆبێتەوە، دیارترین خاڵەکانی پڕۆژە بودجەی 2021 تاوتوێ بکات.