یەکەم کۆنفرانسی زانستی بۆ نەخۆشی شێرپەنجەی دەم و ڕوو و شەویلاگ لە هەولێر بەڕێوە دەچێت
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: کۆنفرانسی زانستی نەخۆشیی شێرپەنجەی دەم و ڕوو و شەویلاگ، یەکەم کۆنفرانسە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق دەربارەی هۆکار و هۆشیاریی و چارەسەرییەکانی ئەم نەخۆشییە.
پێنجشەممە 22ـی ئایاری 2025، دکتۆر سەرکار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پێشتر نەخۆشیی شێرپەنجەی دەم و ڕوو و شەویلاگ، وەکو پێویست بایەخی پێ نەدرابوو، هیچ زانیارییەکیشی لەبارەوە نەخرابووە ڕوو؛ ئەم کۆنفرانسە زانستییە بەهەماهەنگیی هەردوو وەزارەتی تەندروستی و خوێندنی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر بەڕێوە دەچێت. لایەنی جێبەجێکاری کۆنفرانسەکە، زانکۆی هەولێری پزیشکییە لەگەڵ سندووقی کۆمەک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە کە سەر بە وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند: چەندین میوانی بیانی، چەندین وانەبێژی پسپۆڕ لەبارەی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە، لە کۆنفرانسەکەدا پانێلیان دەبێت و سەبارەت بە هۆکار و چارەسەرییەکانی نەخۆشیی شێرپەنجەی دەم و ڕوو و شەویلاگ،زانیاری ئاڵوگۆڕ دەکەن.
دکتۆر سەرکار سورچی ئاشکرای کرد، هەموو ئەو گفتوگۆیانەی لە کۆنفرانسە زانستییەکە دەکرێن لەبارەی هۆکار و چارەسەرەکان، دەبنە بنەما بۆ ئەوەی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نوێترین تەکنیک لە هەرێمی کوردستان دابین بکات لەپێناو چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجەی دەم و ڕوو و شەویلاگ.