سعوودیە: کەشتییەکی وڵاتەکەمان لە دەریای سووردا کرایە ئامانج

میدیا فەرمییەکانی شانشینی سعوودیە، رایانگەیاند، کەشتییەکی سەر بە کۆمپانیایەکی ناوخۆیی وڵاتەکەیان لە دەریای سووردا رووبەڕووی هێرش بووەتەوە.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی سعوودیە (واس) لە زاری سەرچاوەیەکی فەرمییەوە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی تەممووزی 2026، بڵاویکردەوە: "کەشتیی (ENCELIA) کە سەر بە کۆمپانیایەکی سعوودییە، لە کاتی گەشتکردنیدا لە دەریای سوور کراوەتە ئامانج، بەو هۆیەوە ئاگر لە بەشی پێشەوەی کەشتییەکە کەوتووەتەوە."

سەبارەت بە زیانە گیانییەکان، سەرچاوەکە جەختی کردووەتەوە، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە و تەواوی ئەندامانی تیمی ناو کەشتییەکە سەلامەتن.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا (حووسییەکان)ـی یەمەن، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هێزەکانیان ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی "جۆری"یان لە رێگەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامداوە و تێیدا دوو کەشتیی نەوتهەڵگری سعوودییەیان کردووەتە ئامانج.

یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان، لە راگەیەنراوەکەدا ئاشکرای کرد: کەشتییە سعوودییەکانن بڕیاری قەدەخەی هاتووچۆی دەریاییان پێشێل کردبوو، بۆیە هێرشمان کردە سەریان. 

یەحیا سەریع ئاماژەی بەوەش کرد، کە هێرشەکە لە رێگەی ژمارەیەک مووشەکی بالیستی، مووشەکی کرووز و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامدراوە و مووشەکەکان بە وردی لە ئامانجەکانیان داوە.