کونسوڵی تورکیا: بابەتی فڕۆکەخانەی سلێمانی کارگێڕییە نەک سیاسی
کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان ڕەتی دەکاتەوە سزاکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی پەیوەندی بە بابەتی سیاسییەوە هەبێت. دەشڵێت: ئاسانکاریی زیاتر بۆ پێدانی ڤیزا دەکەین.
ئارمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا، لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، سەردانی گەشتیاران، داخستنی ئاسمانی تورکیا بە ڕووی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و چەند پرسێکی دیکە، وەڵامی ئازەر فارووق، پەیامنێری کوردستان24ـی دایەوە.
ڕاگرتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی
لەبارەی هۆی داخستنی ئاسمانی تورکیا بە ڕووی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، ئارمان تۆپچو ئاماژەی بەوە دا "سلێمانی بۆ ئێمە شارێکی مێژوویی زۆر گرنگە، لەگەڵ سلێمانیدا هەموو کاتێک پەیوەندیمان هەبووە، زۆر بە ڕاشکاوانە دەیڵێم، هاووڵاتییانی سلێمانی برای ئێمەن، لە بەرامبەر سلێمانی هچ هەڵوێستێکی لەپێشینەی نەرێنمان نییە، بەردەوام ئێمە لەم بابەتەدا شەفاف ڕوون بووین."
کونسوڵی گشتیی تورکیا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "هۆی ئەم سیاسەتەی تورکیا (لە بەرانبەر فڕۆکەخانەی سلێمانی) پرسی نیگەرانی ئەمنییە، ئەمەش هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ برا سلێمانییەکانمان نییە. ئەمە بابەتێکی کارگێڕییە، تورکیا چەند چاوەڕوانییەکی هەیە، لە ئەگەری جێبەجێکردنی ئەم چاوەڕوانییانە و رەواندنەوەی ئەم نیگەرانییانەی تورکیا، دڵنیام لە بابەتی فڕۆکەخانەکە، ڕێکخستنێک دەکرێت. نابێت ئەم بابەتە بە سیاسی بکرێت، پێویستە بە دروستی لە دۆخەکە بڕواندرێت، دووبارەشی دەکەمەوە ئێمە هیچ هەڵوێستێکی لەپێشینەی نەرێنیمان بەرامبەر سلێمانی و هاووڵاتییانی نەبووە و ناشبێت."
پەیوەندییەکانی هەولێر و ئەنقەرە
لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، کونسوڵی تورکیا ئەوەی خستە ڕوو "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان زۆر ستراتیژی و لە مێژینەین. لە ئاستێکی زۆر باش و تایبەتدان، هەروەها لە ئاستی سەرکردایەتیدا پەیوەندییەکی زۆر باش هەیە، کاتێک لە سەرەتای ئەمساڵ بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی تورکیای کرد، لەلایەن سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوەمانەوە پێشوازی لێ کرا، لەم نێوەندەدا لەسەر ئاستی باڵا ئەم پەیوەندیانە لە گەشەکردندان و زۆر بوار دەگرێتەوە. ئابووری یەکێکە لەوانە، ئەمڕۆ هەولێر گەشەی زۆری بەخۆوە بینیوە و گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە، لە داهاتوودا هەوڵ دەدەین بە سەرکردایەتی سەرۆک وەزیران قەبارەی بازرگانیمان زیاتر بکەین، دڵنیاشم ئەمە ئەنجام دەدەین."
کونسوڵی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد "لە ڕووی بیناسازییەوە، 40 ساڵە هەولێر گەشەی زۆری بەخۆوە بینیوە و گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە. لەم چەند ساڵی داهاتوودا هەوڵ دەدەین پەیوەندییەکانمان زیاتر بکەین."
سەردانی هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا
ئارمان تۆپچو لەبارەی سەردانی گەشتیاران لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە بۆ تورکیا، گوتی: "تورکیا ساڵی رابردوو پێشوازی لە 62 ملیۆن گەشتیار کردووە و لەوانە نزیکەی ملیۆنێکیان هاووڵاتیی عێراقی بوون. بێگومان ئەمە دۆست و برا ئازیزەکانیشمان لە هەرێمی کوردستان لە خۆ دەگرێت. عێراق لە ڕیزبەندی ئەو 10 وڵاتە دێت کە زۆرترین هاووڵاتییانی سەردانی تورکیایان کردووە."
بە گوتەی کونسوڵەکەیان "تورکیا لە بابەتی پێدانی ڤیزادا ئاسانکاری بۆ هاووڵاتیانی عێراق و هەرێم کوردستان دەکات. هەر وەک دیارە، ڤیزەمان بۆ تەمەنی خوار 15 و سەروو 50 ساڵ هەڵگرتووە. هاوڵاتییانی ئاساییش دەتوانن سەردانی کۆمپانیای تایبەت بە ڤیزەی تورکیا لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک بکەن و بەجێبەجێکردنی مەرجەکان، ڤیزەکانییان بە خێراتین شێواز وەربگرن. کارمەندانی کۆنسوڵخانەش، بۆ جێبەجێکردنی مامەڵەکانی ڤیزە، شەو و ڕۆژ کاردەکەن. ئامانجمان ئەوەیە هاووڵاتییەکی زۆر سەردانی تورکیا بکەن."
