عەلی لاریجانی: پێویستە بەرەیەکی بەرگریی نیشتمانی پێکبهێنین

سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، ڕایگەیاندووە دوژمنان ئامانجیانە ئێران و  ئیرادەی میللەتەکەی بشکێنن، بۆیە هەر ڕۆژێک بیانوویەکی پێ دەگرن، پێشتر دەیانگوت، یۆرانیۆم بپیتێنن، ئەمڕۆ هەر ئەوانن دەڵێن، نابێت بیپیتێنن. ئەم دۆخەش پێویستی بە پێکهێنانی بەرەیەکی بەرگریی نیشتیمانی هەیە.

ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ڕایگەیاندووە: بە تەواوی ڕوونە ئامانجی دوژمنان ئەوەیە ئێران و ئیرادەی میللەتەکەی بشکێنن، بۆیە هەر ڕۆژە و بیانوویەکی پێ دەگرن، ئەوانەی ئەمڕۆ دەڵێن نابێت پرۆگرامی ئەتۆمی و پیتاندنی یۆرانیۆمتان هەبێت، هەر ئەوانەن کە جەختیان دەکردەوە ئێران پێویستە یۆرانیۆم بپیتێنێت.

لاریجانی ڕاشیگەیاند: بیکە و مەیکەی دوژمنان کۆتاییان نایەت، ئێستا دەڵێن دەستبەرداری یۆرانیۆم ببن، دواتر، دەڵێن نابێت مووشەکتان هەبێت پاشان دەڵێن لە ناوچەکەدا ئەوەی ئێمە دەیڵێین پێویستە جێبەجێی بکەن، ئەم بیانووانە کۆتایی نایەت، بۆیە پێویستی بە بەرگرییەکی نیشتمانیی هەیە.

گوتیشی: دەبێت دوژمنان بە هۆش بێنەوە، ئەم بەهۆشهاتنەوەیە بە جێبەجێکردنی تەواوی فەرمان و دواکارییەکانیان بەدی نایەت،  بەڵکوو بۆ بەهۆشهاتنەوەیان پێویستە بەرەیەکی بەرگریی نیشتیمانی پێکبهێنین، کە ڕوویەکی ئابووریی وردی هەیە.

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی ئێران هەروەها گوتی: ئێران دژی دانوستان نییە، بەڵام ڕێبەڕی باڵای ئێران فێری کردووین دانوستان پێویستە ڕاستەقینە بێت نەک پێشوەختە ئەنجامەکەی دیاریی کرابێت.

لاریجانی ڕەخنەشی لە تۆم باراک، نوێنەری ئەمه‌ریکا لە لوبنان و سووریا گرت و گوتی: بەردەوام هەڕەشە دەکات، لە دوایین هەڕەشەشدا دەڵێت یان گوێڕایەڵ و فەرمانبەردارمان دەبن یان خۆتان دەزانن کە بە گوتەی لاریجانی بە مانای ئەوە دێت کە ئەگەر گوێڕایەڵ نەبن ئیسرائیل هێرشتان دەکاتە سەر.

وتەکانی لاریجانی بەتایبەت دەربارەی پێکهێنانی بەرەیەکی بەرگریی نیشتیمانیی خوێندنەوەی جۆراوجۆری بۆ دەکرێت، بەشێک پێیان وایە بەهۆی بێ هیوابوونە لە بەرەی مقاوەمە کە  بەپاڵپشتی ئێران ساڵانێک بە بەهێزی هەژموونی خۆی سەپاندبوو، هەندێکیش دەڵێن مەبەستی لاریجانی ئەوەیە دووبارە بەرەی مقاوەمە زیندوو بکرێتەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment