ئەحمەد کانی: بافڵ تاڵەبانی بووەتە بەڵا بۆ یەکێتی و سلێمانی و کوردستان
ئەحمەد کانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: بافڵ تاڵەبانی بووەتە بەڵا بۆ یەکێتی و سلێمانی و کوردستان و خۆشی، ئەو بانگەشەیەی ئەو دەیکات، خزمەت بە یەکێتی و کوردستان ناکات، بەڵکو ترسی خستووەتە دڵی زۆرینەی یەکێتییەکانیش.
یەکشەممە 2ـی تشرینی دووەمی 2025، ئەحمەد کانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەواڵەکانی کاتژمێر 8ـی کوردستان24 کە کۆڤان عزەت پێشکەشی دەکات، گوتی: یەکێک لە بنەماکانی دیموکراسی، میکانیزمی هەڵبژاردنە، هەڵبژاردن کراوە و یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕێز لە دەنگی دەنگدەران ناگرێت و دەیەوێت کوردستان 30 ساڵ بباتە پاشەوە، پارتیش دەیەوێت بەهێزەوە بگەڕێتەوە بەغدا بۆ ئەوەی دەستوور جێبەجێ بکرێت، دەشڵێت: یەکێتی لەبری ئەوەی هاوبەشیی پارتی بکات لەوەی پێگەی کورد لە بەغدا بەهێز بکەین، ئەو هەوڵ دەدات پارتی لاواز بکات بۆ ئەوەی کورد نەتوانێت هەژموونی خۆی لە بەغدا بسەلمێنێت.
ئەحمەد کانی دەڵێت: سەرۆکی یەکێتی بووەتە بەڵایەک کە تووشی یەکێتی و سلێمانی و کوردستان بووە، تاوەکوو گەیشتووەتە ئەوەی بووەتە بەڵا بۆخۆشی، دەشڵێت: بیناکردنی دەوڵەت بە عەقڵێک دەکرێت، گونجاوبێت بۆ دەوڵەتداری، گوتی: بافڵ تاڵەبانی بەو بانگەشەیەی کە دەیکات، ترس دەخاتە دڵی زۆرێک لە یەکێتییەکان، قسەکانی نە خزمەتی خۆی دەکات، نە خزمەتی یەکێتی دەکات، خزمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن و کوردستانیش ناکات.
ئەحمەد کانی ئاماژە بەوە دەکات، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت هەڵەبجە و سلێمانی و ڕاپەڕین و گەرمیان و کەلار وەکو هەولێر و زاخۆ و دهۆک لێبکات و هەمیشە خواستی ئەوەی هەیە، ڕێگریی لێدەکەن و کاک بافڵ دەیەوێت هەولێر بە دەردی سلێمانی ببات، دەشڵێت: پێم وایە بافڵ تاڵەبانی ئازادی بە پێچەوانە تێگەیشتووە، ئەو کاتێک سلێمانی پێ ئازادە کاتێک قسە بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بگوترێت و قسە بە پارتی دیموکراتی کوردستان بگوترێت، بەڵام کاتێک دێتە سەر ئەوەی ڕەخنە لەخۆی بگیرێت، بە تانک و تۆپ هیرش دەکەنە سەر ئۆپۆزسیۆنەکانی خۆیان و کۆشک و تەلار خاپوور دەکەن، سەرۆکی سێ حزب لە بەندیخانەکانن لە سلێمانی، لەمیدیاش کەس هەواڵیان نازانێت، ئەو ئازادییەی سەرۆکی یەکێتی باسی دەکات، بوونی لە سلێمانی درۆیەکی گەورەیە.
دەڵێت: ئەو کاتە کوردستان گەشەی کرد کە پارتی یەک نەفەس حکوومڕان بوو، پارتی دەستەوەستان نابێت و چارەسەر بۆ لەمپەرەکانی بەردەم پێکهێنانی حکوومەت دەدۆزێتەوە، قسەی پارتیش دوای هەڵبژاردنی عێراق لەگەڵ یەکێتی، وەک پێشی هەڵبژاردن نابێت، گوتی: لەگەڵ یەکێتی دەگەڕێێنەوە سەر پێکهێنانی حکوومەت بە شێوازێکی دیکە.
ئەحمەد کانی دەڵێت: پارتی بۆ خزمەتی کورد و کوردستان دروستبووە، لای سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی، پارتی ئامرازە و کوردستان ئامانجە، پارتی حزبی کردارە نەوەک گوفتار، ئاماژە بەوە دەکات، لە ڕانییە و پشدەر، هێزەکانی یەکێتی شەوانە هێرش دەکەنە سەر خەڵکی خۆیان و دەیانکوژن و هەڕەشەیان لێدەکەن، لە داخی کارەکانی پارتی خەریکە یاخەی خۆیان دەدڕن.
