پەکەکە: تەنیا ئۆجەلان دەتوانێت چەکمان پێ دابنێت
ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی پەکەکە دووپاتی دەکاتەوە، تەنیا ئۆجەلان دەتوانێت چەک بە پەکەکە دابنێت. وەزیری دەرەوەی تورکیاش دەڵێت: چەند کارێک بۆ جێبەجێکردنی چەکدانانی پەکەکە دەکەین.
"تەنیا ئۆجەلان دەتوانێت چەک بە پەکەکە دابنێت"
دوران کاڵکان، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە نوێترین لێدواندا، لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی، بە میدیای ڕێکخراوکەی ڕاگەیاند "حکوومەتی تورکیا تەنانەت بچوکترین چاکسازیی یاسایی پێویستیشی بۆ سەرخستنی پرۆسەکە نەکردووە. ناکرێت پرۆسەکە بە هەنگاوی تاکلایەنە یان تەنها گوتاری نیازپاکی بەردەوام بێت. دەبێت دەسەڵات هەنگاوی جددی بۆ بنێت."
وەکوو ئەوەی دوران کاڵکان باسی کرد "پەکەکە بڕیاری داوە کە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی 12ـەمین کۆنگرە پەیوەستە بە کارکردنی ئازادانەی ئۆجەلان. بەڕێوەبردنی پرۆسەی چەک دانان تەنیا بە خودی ئۆجەلان بەڕێوە دەچێت و ئەگەر ئازادیی کارکردنی بۆ دابین نەکرێت، پەکەکە هیچ هەنگاوێکی کردەیی نانێت. جگە لە ئۆجەلان کەسی تر ناتوانێ چەک بە پەکەکە دابنێت. دەسەڵات هیچ جددییەتەکی نییە، بۆیە وەک پەکەکە پەلە ناکەین لە بڕیاردان."
"پێویستە بە زوترین کات پەکەکە چەکەکانی دابنێت"
لەبارەی پرۆسەی هەڵوەشانەوەی پەکەکە و چەکداماڵینی ڕێکخراوەکە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە ڕۆژنامەیەکی وڵاتەکەی ڕاگەیاند "پەکەکە بڕیارێکی گرنگی داوە بۆ چەکدانان و پێویستە بە زوترین کات بڕیارەکەی جێبەجێ بکات."
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا "لە نزیکەوە چاودێریی پرۆسەی چەکدانان دەکەین. لەوبارەیەوە سەرقاڵی چەند کارێکین، لە کاتی تەواوبوونیان، ڕای گشتییان لێ ئاگادار دەکەینەوە کە پرۆسەکە چۆن دەبێت و بەچی شێوازێک هەنگاو دەنرێت."
پێنجەمین دیدار لەگەڵ ئۆجەلان
ڕۆژی یەکشەممە، 18-05-2025، شاندێکی دەم پارتی کە لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری بازنەی وان و فایەق ئۆزگور ئەرۆل، پارێزەری ئۆجەلان پێک هاتبوو؛ سەردانی ئیمراڵی کرد و لەگەڵ ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆ بووەوە.
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، دەم پارتی، لە ڕاگەیەنراوێکدا باسی لەوە کرد، عەبدوڵلا ئۆجەلان لەبارەی پەیوەندیی کورد و تورک لە تورکیا گوتوویەتی: ''براکان شەڕ دەکەن، بەڵام هیچیان بەبێ ئەوەی دیکە هەڵناکات. پێویستمان بەوەیە، ڕێککەوتننامەیەکی نوێ لەسەر مافی برایەتی ئیمزا بکەین."
12ـەمین کۆنگرەی پەکەکە
دووشەممە، 12ـی ئایاری 2025 ، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی ڕاگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوە چوو. لەو کۆنگرەیەدا، پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
