کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس دواخرا

"پێویستە سەرانی جیهان کۆبکرێنەوە، بۆ ئەوەی تاوتوێی ئابووری جیهان لە دوای پەتاکە بکرێت"

K24 - ھەولێر:

کارگێڕی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، لوتکەی داڤۆس ساڵانه‌ لە وەرزی زستاندا له‌ سویسرا بەڕێوەدەچێت، به‌ڵام لوتكه‌ی داهاتوو، كۆڕبه‌نده‌كه‌ بۆ هاوینی ساڵی 2021 دواخرا، هۆکارەکەشی بۆ نەگونجاوی دۆخەکە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگەڕێنێتەوە.

ئادریان مۆنک، گوتەبێژی كۆڕبه‌نده‌كه‌ لە بەیاننەمەکەدا رایگەیاندووە، خشتەی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی کە ساڵانە بەڕێوەدەچێت، بۆ سەرەتای وەرزی هاوینی ساڵی داهاتوو دواخراوە، بڕیارەکە لەسەر راسپاردەی شارەزایان بووە، گوتوویانە ئەستەمە کۆڕبەندەکە بە ئارامی لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت.

ئاژانسی فرانس پرێسی فەرەنسی لەسەر زاری گوتەبێژەکەوە بڵاویکردووەتەوە، کە ئەو بڕیارەی داویانە سەخت بووە، چونکە ئێستا پێویستە سەرانی جیهان کۆبکرێنەوە، بۆ ئەوەی تاوتوێی ئابووری جیهان لە دوای پەتاکە بکرێت.

گوتەبێژی کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس بەرواردێکی دیاریکراوی بۆ بەڕێوەچوونی کۆڕبەندەکە لە ساڵی 2021 نەخستوه‌تە روو، ته‌نیا ئاماژه‌یداوه‌، لەکاتی دڵنیابوونیان لە سەلامەتی بەشداربووان، وردەکاری زیاتر لەبارەی بەروار و شوێنی کۆڕبەندەکە بڵاودەکەنەوە.

كۆڕبەندی ئابووریی جیھان لە ساڵی 1971 لە لایەن كلاوس شواب، پرۆفیسۆری ئەڵمانی زانكۆی ژنێڤ دامەزرا، لە سەرەتادا ناوی (كۆڕبەندی بەڕێوەبەرایەتی ئەوروپا) بوو، ئامانجیشی كۆ كردنەوەی رێبەرانی ئابووری و سەرمایەدارانی ئەورووپا بوو، بەڵام دواتر لە ساڵی 1987 بۆ (كۆڕبەندی ئابووریی جیھان) گۆڕا و پڕۆگرامەكانی بۆ پلاتفۆرمی چارەسەركردنی ناكۆكییە جیھانییەكان فراوانتر كران.