سوپای ئیسرائیل داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە حەشارگەکان ڕۆژبکەنەوە
گوتەبێژی فەرماندەی ناوەندی ئیسرائیل پێشنیازی کردووە هاووڵاتییان لە حەشارگەکان بمێننەوە تاوەکوو مەترسییەکان کۆتایی دێن.
دووشەممە 16ـی حوزەیرانی 2025، تزڤیکی تێسلەر، گوتەبێژی فەرماندەی ناوەندی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، بەهۆی مەترسی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتەکەی، پێویستە هاووڵاتییان ئەمشەو لە حەشارگەکان بمێننەوە.
هەروەها ئاماژەشی داوە، پێشنیاز دەکەم، هەر لە ناو حەشارگەکان بخەون تاوەکوو مەترسییەکان کۆتایی دێن.
هاوکات داواشی لە هاووڵاتییان کرد پابەندی ڕێنەمایەکانی فەرماندەی ناوەندی ئیسرائیل بن.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بەشێوەیەکی کتوپڕ هێرشی کردە سەر دامەزراوە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی ئێران و ئۆپەراسیۆنی "هەستانەوەی شێر"ـی ڕاگەیاند.
هاوکات ئێران لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل، ئەپەراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستگۆی 3"ـی ڕاگەیاند، کە تاوەکوو ئێستا چەندین جار هێرشی مووشەکی و درۆنی کردووتە سەر ئیسرائیل.
هەر ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاوی کردبووە، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەڵێنی ڕاستگۆیی سێ، دەیان مووشەکی بالیستی و درۆن ئاراستەی چەند ئامانجێک لە تەلئەڤیڤ، حەیفا، فڕۆکەخانەی بنگۆریۆن کران.
دوای کەمێک لە هەواڵەکەی تەسنیم، پێگەی هەواڵی کانی ئیسرائیلی بڵاوی کردبووە، هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بەشێویەکی کتوپڕ سەکۆی مووشەک هاوێژی لە سەنتەری ئێران بۆردوومان کرد، کە بڕیاربوو بەو سەکۆیانە هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل.