ئاژانسێک: هێزەکانی ئەمەریکا دوو بنکەیان لە سووریا چۆڵ کرد
ئاژانسێکی ئەمەریکی، هێزەکانی ئەمەریکا دوو بنکەیان لە پارێزگای حەسەکە لە سووریا چۆڵ کردووە و هەسەدە شوێنیانی گرتووتەەوە.
سێشەممە 17ـی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، هێزەکانی ئەمەریکا لە چوارچێوەی کەمکردنەوەی هێزەکانییان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوو بنکەی سەربازیان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا چۆڵ کردووە.
هەروەها ئاماژەشی داوە، ئێستا بنکەکان چۆڵن و لەلایەن یەکەیەکی بچووکی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) پاسەوانی دەکرێن.
ئەو ئاژانسە لەسەر زاری فەرماندەیەکی هەسەدە بڵاوی کردووەتەوە، چۆڵکردنی ئەو بنکانە لەلایەن ئەمەریکا، مەترسیەکی جددیە بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش.
ڕۆیتەرز باسی لەوەش کردووە، هێزەکانی ئەمەریکا لە بنکەکانی ئەلوەزیر و تەلبەیدەر لە پارێزگای حەسەکەی سووریا کشاونەتەوە. بەمەش، لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کۆی ژمارەی ئەو بنکانەی ئەمەریکا لە سووریا چۆڵی کردووە، گەیشتووتە چوار بنکە.
پێشتر، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ سووریا کە هاوکات باڵیۆزی ئەمەریکایە لە تورکیا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاندبوو "ژمارەی بنکەی هێزەکانیان لە سووریا لە هەشت بنکە کەم کردووتەوە بۆ پێنج بنکە و دواتر بۆ سێ بنکە." گوتیشی: مەبەستمانە بۆ یەک بنکە کەمی بکەینەوە.