بەریتانیا و وڵاتانی ئەورووپا هانی ئێران دەدەن لە دانوستانەکان بەردەوام بێت

کۆبوونەوەی عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە جنێڤ کۆتایی هات.

دوای کۆبوونەوەکە بەرپرسانی ڕۆژئاوا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان کرد و یۆهان وادێفول, وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە ڕایگەیاند، باشترین ئەنجامی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ ئەوە بوو بۆمان دەرکەوت کە ئێران ئامادەیە گفتوگۆ لەبارەی هەموو پرسە گرنگەکان بکات.

گوتیشی: زۆر گرنگە کە ئەمەریکاش بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە بکات.

دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیاش ڕایگەیاند، ئێمە دەمانەوێت بەردەوامی بە گفتوگۆ و دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بدەین، هانی ئێرانیش دەدات لە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمەریکا بەردەوام بن.

ئاماژەشی دا، لە ساتێکی زۆر مەترسیدار داین، بۆیە زۆر گرنگە کە ڕێگری لە تەشەنەکردنی ناکۆکییەکان لە ناوچەکە بگرین.

ژان نۆیل باڕۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کە بەشداری کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی کردبوو و گوتی: بژاردەی سەربازی پرسی ئێران چارە ناکات، ڕەنگە پیتاندنی یۆرانیۆم دوابخات، بەڵام لە ڕیشەوە چارەی ناکات.

گوتیشی: وەزیری دەرەوەی ئێرانمان بانگهێشت کردووە بۆ ئەوەی بەبێ مەرجی ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل، لەگەڵ هەموو لایەک دانوستان بکات و کۆببێتەوە.

کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا دووپاتی کردەووە کە ئەو گرژییانەی لە ناوچەکە هەیە، لە سوودی هیچ لایەنێک نییە، بۆیە دەبێت لە دانوستانەکان بەردەوام بین.

هاوکات لایخۆشیەوە عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بۆ هەر ڕێگە چارەیەکی دیپلۆماسی ئامادەیە، بەڵام بەو مەرجەی ئیسرائیل هێرشەکانی ڕابگرێت و بەرپرسیاریەتی و پابەندبوونی خۆی بە تاوانی جەنگی ڕابگەینێت.

دووپاتیشی کردووە، ئامادەنە بەردەوامی بە کۆبوونەکان لەگەڵ بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئەورووپا بدەن. 

تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن لە سەر زاری سەرچاوەیەک ئێرانی ڕایگەیاندووە، گفتوگۆییەکان سەرەتا زۆر توند بوون، چونکە هەر دوولایەن یەکدییان تۆمەتبار دەکرد،  بەڵام دواتر بە تێپەڕبوونی کات زیاتر ئەرێنی بوو.

ئەو سەرچاوەیە ڕاشیگەیاندووە، دەستبەرداربوونی یۆرانیۆم لای ئێمە هێڵی سوورە.