مارکۆ ڕوبیۆ: داوا لە چین دەکەم هانی ئێران بدات گەرووی هورمز دانەخات
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دوای هێرشەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ڕایگەیاند، داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە هەڵەیەکی دیکەی زۆر گەورە دەبێت، داواش لە چین دەکات ڕێگری لە داخستنی بکات.
یەکشەممە 22ـی حوزەیرانی 2025، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ فۆکس نیوز ڕایگەیاند، داوا لە حکوومەتی پەکین دەکەم هانی ئێران بدات گەرووی هورمز دانەخات، چونکە داخستنی گەرووی هورمز کاریگەریەکی زۆر خراپی لەسەر بازرگانی نەوتی چین دەبێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هۆشداریشی دا، ئەگەر ئێران گەرووی هورمز دابخات، ئەوە هەڵەیەکی دیکەی زۆر گەورەیە و ئابووریی وڵاتەکەیان دەخاتە مەترسییەوە.
دووپاتیشی کردەوە، ئەمەریکا ڕژدە لەسەر ئەوەی بە ڕێککەوتن ئەو کێشەیە چارە بکرێت، بەڵام دەبێت وڵاتانی دیکەش کاردانەوەیان هەبێت، چونکە ئەمە زیاتر زیان بە ئابووریی ئەوان دەگەینێت.
پێشتر میدیاکانی ئێران بڵاویان کردبووە، پەرلەمانی وڵاتەکەیان پرۆژە یاسای داخستنی گەرووی هورمزیان پەسەند کرد.
هێرشەکەی ئەمەریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22-06-2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی (فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان)ـیان لە ناوخۆی ئێران بۆمباران کرد.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەبارەی هێرشەکەیان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' نووسیویەتی "ئێمە، هێرشە زۆر سەرکەوتووەکەمان بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواو کرد، کە بریتی بوون لە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان. هەموو فڕۆکەکان ئێستا لە دەرەوەی ئاسمانی ئێرانن. بارێکی تەواو لە بۆمب بۆ سەر بنکە سەرەکییەکە واتە فۆردۆ، خرایە خوارەوە."
لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەی ترەمپدا هاتووە "هەموو فڕۆکەکان بە سەلامەتی لە ڕێگەی گەڕانەوەدان بۆ نیشتمان. پیرۆزبایی لە جەنگاوەرە مەزنە ئەمەریکییەکانمان دەکەین. هیچ سوپایەکی دیکە لە جیهاندا نییە کە بتوانێت ئەمە بکات. ئێستا کاتی ئاشتییە! سوپاس بۆ سەرنجتان لەسەر ئەم بابەتە."
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.