ڕوبیۆ: داواکەی ئێران بۆ دەستگیرکردنی ڕافایل گرۆسی قبووڵکراو نییە
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، پشتیوانی خۆی بۆ کارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و هەوڵەکانی چاودێریکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان لە ئێران دەربڕی؛ هاوکات داواکەی ئێران بۆ دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم سهركۆنه دەکات.
شەممە 28ـی حوزەیرانی 2025، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: داواكاری ئێران بۆ دەستگیرکردن و سزادانی ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم قبووڵکراو نییە و ئیدانەی دەکەین.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا باسی لەوش کردووە، پشتگیریی لە هەوڵەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بۆ چاودێریکردن و پشتڕاستکردنەوەکانی لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکات.
هاوکات بەهۆی هەوڵەکانیان و پیشەییبوونیان ستایشی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکەی كرد.
ڕوبیۆ داواش لە ئێران دەکات ئاسایش و سەلامەتی کارمەندانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دهستهبهر بکات.
شەممە، 28-06-2025، ڕۆژنامەی 'کەیهان'ـی نزیك لە ڕێبەری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاپۆرتێکی بڵاو کردبووەوە کە تێیدا ڕافایل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بە سیخوڕی بۆ ئیسرائیل تۆمەتبار كردبوو و داوای دەستگیرکردن و دادگاییکردنی کردبوو.
ڕۆژنامەکە باسی لەوەش کردبوو، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، زانیاریی نهێنی سەبارەت بە ناوەندە سەربازی و ئەتۆمییەکانی ئێرانی بۆ ئیسرائیل گواستووەتەوە و لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ كەناڵی 'فۆکس نیوز' بانگەشەی ئەوەی کردبوو، ئێران یۆرانیۆمی پیتێنراوی لەسەدا 60ـی لە شوێنە مێژووییەکانی ئیسفەهان شاردووەتەوە.
Calls in Iran for the arrest and execution of IAEA Director General Grossi are unacceptable and should be condemned.
— Secretary Marco Rubio (@SecRubio) June 28, 2025
We support the lAEA's critical verification and monitoring efforts in Iran and commend the Director General and the lAEA for their dedication and professionalism.…