کۆمیساری بازرگانیی یەکێتیی ئەورووپا پێشنیازێک بۆ وەڵامدانەوەی باجە گومرگییەکانی ئەمەریکا دەکات
دوای بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سەپاندنی باجی گومرگی بەسەر کەلوپەلە هەناردەکانی یەکێتیی ئەورووپا، کۆمیساری بازرگانیی یەکێتییەکە خشتەیەکی لە کەلوپەلەکانی ئەمەریکا ئامادە کردووە بۆ ئەوەی باجی گومرگی بچێتە سەر.
دووشەممە 14ی تەممووزی 2025، مارش شێفچۆڤێچ، کۆمیساری بازرگانیی یەکێتی ئەورووپا لە بارەی دانوستانەکانی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ ئەمەریکا ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسل، خشتەیەک لە کەلوپەلە هاوردەکراوەکانی ئەمەریکا پێشکەش دەکات کە باجی گومرگییان بچێتە سەر. گوتیشی: ئەو خشتەیە لە ئەگەری ئەوەیە دانوستانەکانمان لەگەڵ واشنتن شکست بێنێت.
هەروەها ئاماژەشی داوە، بەهای کەلوپەلەکان دەگاتە 84 ملیار دۆلار.
کۆمیساری بازرگانی یەکێتی ئەورووپا باسی لەوەش کرد، دەیانەوێت بەر لە وادەی کۆتایی لەسەر باجە گومرگییەکان لەگەڵ واشنتن ڕێک بکەون.
شهممه، 12ـی تەممووزی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە نامەیەکدا کە بۆ ئورسولا ڤۆن دێر لاين، سهرۆكى كۆمسيۆنى يهكێتيى ئهورووپا نارد و تێیدا نووسیبووی: بۆ ئەوەی بازرگانییەکی دادپەروەرانە و یەکسان لە نێوانیان هەبێت و لە کورتهێنانی ئابووریی دووربێت، لە 1ـی ئابەوە بە ڕێژەی 30% باجی گومرگی بەسەر هەموو کەلوپەلە هەناردەکراوهكانی يهكێتيى ئهورووپا و مەکسیک بۆ ئەمەریکا دەسەپێنێت.
لای خۆشیەوە، ئورسولا ڤۆن دێر لاين، سهرۆكى كۆمسيۆنى يهكێتيى ئهورووپا لەم بارەوە گوتی، سەپاندی باجی گومرگی بە ڕێژەی %30 لەسەر هەناردەی یەکێتیی ئەورووپا دەبێتە هۆی پەکخستنی زنجیرەکانی هاوردهكردن كه زیان به بازرگانان و بەکاربەران و نەخۆشانی هەردوو كهناری زەریای ئەتڵەنتیك دهگهیهنێت.
گوتیشی: ئامادەینە لەگەڵ واشنتن کار بکەین، بۆئەوەی بەر لە 1ـی ئاب ڕێکبکەوین، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا هەموو هەنگاوێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانمان دەگرینە بەر، لە نێوانیشدا وەڵامدانەوەی باجە گورمرگییەکانی ئەمەریکا.