پوتن بۆ لاریجانی: ڕووسیا پشتگیری لە ڕێگە چارەیەکی سیاسییانە بۆ پرسی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەکات

سەرۆکی ڕووسیا و ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای کۆماری ئسیلامیی ئێران دۆخ و پەرەسەندنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی بەرنامەی ئەتۆمی تارانیان تاوتوێ کرد.

یەکشەممە 20ی تەممووزی 2025، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی ڕووسیا (کرێملن) ڕایگەیاند، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا و عەلی لاریجانی، ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئسیلامیی ئێران کۆبوونەوە.

پیسکۆڤ ئاماژەشی داوە، عەلی لاریجانی و پوتن گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران کرد، هاوکات هەڵسەنگاندنییان بۆ پەرەسەندنەکانی ناوچەکە کرد.

بە گوتەی پیسکۆڤ، پوتن هەڵوێستی ڕووسیا بۆ سەقامگیرکردنی دۆخی ناوچەکە و ڕێگا چارەیەکی سیاسییانە بۆ پرسی بەرنامەی ئەتۆمی تاران پیشان داوە.

یەکشەممە، 20ی تەممووزی 2025، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگەداری حکوومەتی ئیران، ڕایگەیاندبوو، تاران ڕەزامەندیی بۆ دەستپێکردنی دانوستان دەربارەی دۆسییەی ئەتۆمی ئێران، لەگەڵ ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا ڕاگەیاندووە.