تۆم باراک: دۆخی سوەیدا تەنیا بە ڕێککەوتن چارە دەکرێت
نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا ڕایگەیاند، بە ڕێککەوتن دەتوانین گرژیی و توندوتیژییەکانی سووریا ڕابگرین، بۆیە لە کاتژمێر 17:00ـی ئەمڕۆ بە کاتی دیمەشق دەبێت شەڕ ڕابگیرێت.
یەکشەممە 20ـی تەممووزی 2025، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: وەستاندنی توندوتیژییەکان، پاراستنی خەڵکی مەدەنی، دەستەبەرکردنی هاوکاریی مرۆییەکان، پەرەنەسەندنی گرژییەکان تەنیا لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکەوە دەکرێت.
تۆم باراک ئاماژەشی داوە، لە کاتژمێر 17:00ـی ئەمڕۆ بە کاتی دیمەشق، دەبێت هەموو لایەنەکان شەڕ و ڕابگرن.
هەروەها نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا نووسیویەتی: هەنگاوە گرنگەکەی داهاتوو لەسەر یەکگرتنەوەی هێزەکان، کەمکردنەوەی پەرەسەندنەکان بە شێوەیەکی هەمیشەیی، ئاڵوگۆرکردنێکی تەواوی بارمتە و زیندانەکان و ڕێکخستنەوەی لۆجیستیک دەبێت.
پێشتر، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە بارەی دۆخی سووریا ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردبووە و تێیدا ئاماژەی دابوو، واشنتن ماوەی سێ ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل و ئوردن و دەسەڵاتدارانی دیمەشق بۆ هێوەرکردنەوەی پەرەسەندنەکان و چارەکردنی کێشەکان بەشێوەییەکی هەمییشەیی لە پەیوەندی دا بووە
هاوکار ڕوبیۆ داوا لە دەسەڵاتدارانی سووریا دەکات دەستبەجێ دەستدرێژی و کوشتنی خەڵکی بێتاوان ڕابگرن، جەختیشی کردەوە دەبێت لێپرسینەوە لە هەموو ئەو کەسانە بکرێت کە بەپرسیارن لە کردنی ئەو شەڕە.
ڕۆژی یەکشەممە، 13ـی تەممووزی 2025، شەڕ و پێکدادان لە نێوان درووزەکان و بەدەوییەکان ڕووی دا. بە پێی ئاماری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ژمارەی کوژراوان بۆ 940 کەس بەرز بووەتەوە.
شەممە، 19ـی تەممووز 2025، سەرۆکایەتیی حکوومەتی سووریا، ئاگربەستێکی 'دەستبەجێ و گشتگیر'ـی لە پارێزگای سوەیدا ڕاگەیاند، ئەمەش دوای نزیکەی هەفتەیەک لە شەڕ و پێکدادان لەو پارێزگایەی کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی درووزن و لە ئەنجامدا زیاتر لە 940 کەس کوژران. هاوکات، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگاکەدا بڵاو کراونەتەوە