ئیسرائیل پێشوازی لە بڕیاری کشانەوەی ئەمەریکا لە یونسکۆ دەکات

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەمەریکا بۆ کشانەوەی لە ڕێکخراوی یونسکۆ دەکات و ڕایگەیاند، بۆ دادپەروەری ئیسرائیل هەنگاوێکی گرنگ بوو.

سێشەممە 22ـی تەممووزی 2025، جەدعوون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) لەبارەی کشانەوەی ئەمەریکا لە (یونسکۆ) نووسیویەتی: ئەمە هەنگاوێکی زۆر پێویست بوو، بە تایبەت بۆ دادپەروەری و دڵنیاییدان لەوەی ئیسرائیل بە دادپەروەرانە لە نەتەوە یەکگرتووەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

باسی لەوەش کردووە، چەندین جار مافی ئیسرائیل، لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە شێوه‌یه‌كی سیاسییانه‌ خوراوە.

هەر ئەمڕۆ سێشەممە، تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کشانەوەی وڵاتەکەی لە ڕێکخراوی پەروەردەیی، زانستی و ڕۆشنبیریی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بە (یونسکۆ) ڕاگەیاند و گوتی: بەردەوامیمان لەو ڕێکخراوە لە بەرژەوەندی نیشتمانی ئەمەریکا نییە.

یونسکۆ ڕایگەیاند، بڕیارە بڕیارەکەی ئەمەریکا لە لە کانوونی دووەمی 2026ـەوە جێبەجێ دەکرێت. ئاماژەشی داوە، بڕیارەکە کاریگەری لە سەر دارایی ڕێکخراوەکە دەکات.

دۆناڵد ترەمپ پێشتر لە ساڵی 2017 لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا لە یونسکۆ کشابووەوە، بەڵام دواتر جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە و گەڕایەوە نێو ڕێکخراوەکە.

لەو بارەوە ئۆدری ئازولای بەڕێوەبەری گشتیی یونسکۆ گوتی: بە داخەوەم بۆ بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کشانەوەی لە یونسکۆ. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم بڕیارە پێچەوانەی بنەماکانی ڕێکخراوەکەیە کە ئەویش پێکەوە کارکردنی وڵاتانە.

ئازۆلای باسی لەوەش کردبوو، هەرچەندە بڕیارەکە نائومێدکەره‌، بەڵام پێشتر یونسکۆ ئامادەکاری بۆ ئەو بڕیارە کردووە.