دیپلۆماتكارێك: سووریا و ئیسرائیل لە پاریس کۆبوونەتەوە
دیپلۆماتکارێكی سووری ئاشکرای کرد، شاندی وڵاتەکەی لە دوایین سەردانی بۆ فەرەنسا لەگەڵ لایەنی ئیسرائیل بەنهێنی کۆبوونەتەوە، ئاماژەشی داوە، لە کۆبوونەوەکەدا هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە تەنیا دەستپێشخەرییەک بۆ بەردەوامیدان بە پەیوەندییەکان بووە.
شەممە 26ـی تەممووزی 2025، تەلەفزیۆنی فەرمی سووریا لە زاری سەرچاوەیەکی دیپلۆماتی وڵاتەکەی ڕایگەیاندووە، لە سەردانی ئەم دوایەی شاندی سووریا بۆ پاریس کە لە ئه‌سعه‌د شه‌یبانی، وەزیری دەرەوەی و حوسێن سەلامە، بەرپسی هەواڵگیری سووریا پێکهاتبوون، لەگەڵ شاندێکی ئیسرائیل کۆبوونەوەته‌وه.
ئاماژەشی داوە، لە کۆبوونەوەکەندا باسییان لە دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی پارێزگای سوەیدا و هەوڵەکان بۆ هێوركردنه‌وه و چارەکردنی کێشەکان لە باشووری سووریا کردووەتەوە.
باسی لەوەش کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان لە چالاککردنەوەی ڕێککەوتنی ڕاگرتنی شەڕ بە نێوەنگیریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووەتەوە، هاوکات شاندی سووریا داوای دەستبەجێ کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیلی لە وڵاتەکەی کردووە.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستووەتەوە ڕوو، له کۆبوونەوەکەی پاریس، هیچ ڕێککەوتنێکی کۆتایی نەکراوە، تەنیا ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی سه‌ره‌تایی بووە، بۆ لێکتێگەیشتن و و ڕاوێژیکردن لەبارەی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکە و دروستکردنی پەیوەندیی نێوان ئەو دوو لایەنە بووە.
ڕۆژی پێنجشەممە 24ـی تەممووزی 2025، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا ڕایگەیاندبوو، لەگەڵ بەرپرسانی سووریا و ئیسرائیل لە پاریس کۆبووەتەوە.
هەینی، 25ـی تەممووزی 2025، هه‌ر یه‌ك له ئه‌سعه‌د شه‌یبانی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سووریا، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا و ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا له پاریس كۆبوونه‌وه و دواتر ڕاگه‌یه‌نراوێكی هاوبه‌شیان بڵاوكرده‌وه و تێیدا جه‌ختیان كردبووە‌وه، كه نابێت وڵاتانی دراوسێی سووریا ببنه هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئاسایش و سه‌قامگیریی ئه‌و وڵاته، له به‌رانبه‌ریشدا سووریا نابێت ببێته هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئاسایشی دراوسێكانی ئه‌مه‌ش له‌پێناو پاراستنی ئاسایشی ناوچه‌كه به‌گشتی.