سیسی نامەیەکی تایبەت سەبارەت بە جەنگی غەززە بۆ دۆناڵد ترەمپ دەنێرێت

سەرۆکی میسر، عەبدولفەتاح سیسی، پەیامێکی تایبەتی بۆ سەرۆکی ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپ نارد کە تێیدا داوای وەستانی جەنگ و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانی بۆ کەرتی غەززە کرد.

دووشەممە 28ـی تەممووزی 2025، تەلەفزیۆنی میسر، پەیامێکی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسری بڵاوکردەوە، تێیدا داوا لە دۆناڵد ترەمپ دەکات، کۆتایی بە جەنگی سەر غەززە بێنێت و ڕێگە بە گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ کەرتی غەززەش بدات.

لەو پەیامەدا کە ئاڕاستەی ترەمپی کرد، سیسی گوتی: ئەو پەیامە ئاڕاستەی تۆ دەکەم، تکایە هەموو توانای خۆت بەکاربێنە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی سەر غەززە و گەیاندنی هاوکارییەکان بە خەڵکی غەززە، پێم وایە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە جەنگەکە بووەستێت.

سیسی گوتی: پێشبینی من وایە، ترەمپ دەتوانێت جەنگەکە بووەستێنێت و ڕێگەش بدات یارمەتییەکان بە کەرتی غەززە بگات، بۆ ئەوەی کارەساتەکان کۆتاییان پێ بێت.

میسر لەگەڵ قەتەر، لایەنی نێوەندگیری ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسن بۆ ئاگربەست، دوێنێش، میسر لەڕێگەی دەروازەی ڕەفەحەوە، هاوکاریی مرۆیی گەیاندە کەرتی غەززە.