روبیۆ: ئەگەر ئێران دانوستان رەت بکاتەوە بژاردەی زۆرمان لەبەردەستدایە
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن دەیەوێت لەگەڵ تاران بگاتە رێککەوتن، بەڵام متمانەشی پێناکات، دەشڵێت، ئێران لە گرفتێکی گەورەدایە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی تەممووزی 2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، واشنتن دەیەوێت لەگەڵ تاران بگاتە رێککەوتن، بەڵام هاوکات متمانەی پێناکات. هۆشداریشی دا کە ئەگەر ئێران پرۆسەی دانوستان رەت بکاتەوە، دۆناڵد ترەمپ بژاردەی زۆری بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو وڵاتەدا لەبەردەستدایە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران لە ناوەڕاستی تەنگژەیەکی گەورەدایە؛ چونکە رووبەڕووی هەڵاوسانێکی یەکجار بەرز بووەتەوە و بەدەست زیانی ئابووریی قورسەوە گرفتارە، روبیۆ جەختیشی کردەوە، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە تێکشکاندنی توانای سەربازیی ئێران کە هەڕەشە لە ئاسایشی هاتوچۆی دەریاوانی دەکات و گوتی "قبووڵ ناکەین بەئامانجگرتنی کەشتییە دەریاوانییەکان لە گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە ببێتە ئەمری واقیع."
سەبارەت بە دۆخی گەرووی هورمز، روبیۆ روونی کردەوە، ئەو ناوچەیە وەک سەرچاوەیەکی سەرەکیی وزە لە جیهاندا دەمێنێتەوە و بەکراوەیی هێشتنەوەی گەرووەکەش بڕگەیەکی بنەڕەتیی یاداشتنامەکانی لێکگەیشتن بووە کە ئێران پێشێلی کردوون. ئاماژەی بەوەش دا، تەنانەت چینیش بە کارەکانی ئێران لە گەرووی هورمز دڵخۆش نییە و پشتیوانی لە هەنگاوەکانی تاران ناکات بۆ سەپاندنی باج بەسەر تێپەڕبوونی کەشتییەکاندا؛ بەو هۆیەشەوە بەیجینگ لە هەندێک قۆناخدا هاوکاریی ئەمریکای کردووە.
هاوکات، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەوان بە وردی چاودێری هەر هەڕەشەیەک دەکەن کە بکرێتە سەر جووڵەی کەشتیوانی لە دەریای سووردا، دەشڵێت، ئێران سامان و دارایی خۆی بۆ پشتگیریکردنی گرووپە تیرۆریستییەکان لە ناوچەکەدا بەفیڕۆ داوە، لە کاتێکدا واشنتن هانی سووریای داوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ناوخۆییەکانی.
روبیۆ باسی لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ مۆسکۆ کرد و رایگەیاند، بڕیارە سبەی لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، هاوتا رووسییەکەی کۆببێتەوە، بە ئامانجی گەیشتن بە لێکگەیشتن و رێککەوتن لەسەر پرسە جیاوازەکانی نێوانیان.