ڕووسیا وەڵامی ترەمپ دەداتەوە
گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی ڕووسیا (کرێملن) وەڵامی سەرۆکی ئەمەریکا دەداتەوە و ڕایگەیاند، ئەوان ئاگاداری ئەو لێدوانانە، بەڵام تاوەکوو دڵنیایی لە بەرژەوەندییەکانی مۆسکۆ نەدرێت، پرۆسەی ئاشتی بەڕێوە ناچێت.
سێشەممە 29ی تەممووزی 2025، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی ڕووسیا (کرێملن) لە بارەی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ 12 ڕۆژ مۆڵەتدان بە ڕووسیا گوتی: ئاگاداری لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمەریکاین، بەڵام ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانمان لە ئۆکرانیا بەردەوامن.
دووپاتیشی کردووە، بە پرۆسەی ئاشتی و چارەکردنی ناکۆکییەکان پابەندن، بەڵام دەبێت دڵنیایی لە بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا بدرێت.
دووشەممە 28ی تەممووزی 2025، دیمیتری مێدڤێدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕووسیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) لە بارەی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا نووسیویەتی: ترەمپ یاری لەگەڵ ڕووسیا دەکات، دەبێت بزانێت ڕووسیا، ئیسرائیل و تەنانەت ئێرانیش نییە، ئەو یارییانە بکات.
دووشەممە 28ی تەممووزی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بەر لە کۆبوونەوەی لەگەڵ کییەر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاندبوو، زۆر لە ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا بێئومێد بووە، بۆیە ڕەنگە ئەو 50 ڕۆژەی مۆڵەتی پێی دابوو، کەمی بکەمەوە؛ ئاماژەشی دابوو، 10 بۆ 12 ڕۆژی داهاتوو کۆتا وادە دەبێت بۆ ئەوەی ڕووسیا لەگەڵ ئۆکرانیا ڕێک بکەوێت، چونکە هیچ بەرەوپێشچوونێکمان لە بارەی ئاگربەستی نێوانیان نەبینیوە و ڕووسەکان و ئۆکرانییەکان بەبێ هۆکار دەمرن.