وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا: پێویستە دەست بە پرۆسەی داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین بکرێت
یۆهان فادیفۆڵ، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند: ئیسرائیل ڕۆژ دوای ڕۆژ لە پرۆسەی دیپلۆماسی دووردەکەوێتەوە بەهۆی ئەو قەیرانە مرۆییەی لە کەرتی غەززە دروستی کردووە، وڵاتانیش یەکدەنگیی زیاتر دروست دەکەن بۆ داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین.
پێنجشەممە 31ـی تەممووزی 2025، یۆهان فادیفۆڵ، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بەر لەوەی بچێتە ئیسرائیل، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: لەدوا کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی دروستکردنی دوو دەوڵەتی فەڵەستینی و ئیسرائیلی کە ئیسرائیل و ئەمەریکا بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد، دەری دەخات ئیسرائیل تا دێت خۆی وەک پێکهاتەیەک دەبینێت.
یۆهان فادیفۆڵ، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە ئیسرائیل، ئەمڕۆ پێنجشەممە و سبەی هەینی، لەگەڵ لایەنی ئیسرائیلی و فەڵەسستنی کۆدەبێتەوە.
لە لێدوانی پێشووتریشیدا، یۆهان فادیفۆڵ بۆ(بەرلین پلەی بوک)ـی سەر بە پێگەی پۆلەتیکۆی هەواڵی، هۆشداریی دابووە لە ئەگەری لکاندنی فەڵەستین بە ئیسرائیلەوە.
فادیفۆڵ دەڵێت:"سیاسەتمەدارانی ئیسرائیل بەردەوام دەڵێن ئێمە فەڵەستین دەیخەینە پاڵ ئیسرائیل، کنێست پێشتر بڕیاری لەسەر ئەوە داوە، دەڵێت: ئەمە ڕێگەپێدراو نییە، بە یاسا نێودەوڵەتییەکانیش ڕەوا نییە".
لە هەمان کاتدا داوای هاوکاری مرۆیی زیاتری بۆ غەززە کرد و گوتی: ئامانجی سەرەکی، بە دڵنیاییەوە ئاگربەستە، گوتیشی: "ژمارەی قوربانیانی کەرتی غەززە زۆر بەرزە، پێویستە بەزەیی بۆ دانیشتوانی غەززە هەبێت".